Accessibility links

سیخوڕی پـێشووی ڕووسیایی لە بەریتانیا لە نەخۆشخانە دێتە دەرێ


نەخۆشخانەیەکی بەریتانیا ڕایگەیاند سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی ڕووسیایی ئەوەی لە مانگی سێ ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا بەهۆی ژەهراویبوونی بە گازی دەمار، ئێستا باری تەندروستی باش بووە و لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرێ.

لۆرنا ویلکنسن بەڕێوەبەری بەشی تیمارکاری لە نەخۆشخانەی کارا چارڵز بارکس لە شاری سالزبەری ڕۆژئاوای باشوری بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی گوتی " هەواڵێکی خۆشە، سێرگێی سکریپال باری تەندروستی بە شێوەیەک باشبووە کە دەتوانێت نەخۆشخانە جێبهڵێت."

گوتیشی چارەسەرکردنی سێرگێی و دوو کەسی دیکە لە ژەهراویبوون بەم گازە لە دەرەوەی نەخۆشخانە درێژەی پـێدەدرێت.

کاربەدەستانی نەخۆشخانەکە ڕایانگەیاند ئایا لە ئاکامی ژەهراویبوونەکە زیان بەر جەستەی سێرگێی سکریپال گەیشتووە یان نا، بەڵام گوتیان چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون بە گازی دەمار پـێویستی بە ماوەیەک هەتا جەستەی نەخۆشەکە دەتوانێت ئەنزیمی دیکە دروستبکات بۆ گرتنەوەی شوێنی ئەنزیمە ژەهراویبووەکان.

جێی ئاماژەیە سێرگێی سکریپال تەمەن (66 ساڵ) لەگەڵ یولیای کچی (33 ساڵ) لە 4 ی مانگی سێ لە بەردەم بازاڕێکی شاری سالزبەری پـێکەوە لە هۆش خۆیان چوون و بە پەلە بەرەو نەخۆشخانە بران.

پاشان دەرکەوت هەردووکیان بە جۆرە گازێکی دەمار ژەهراویی کراون کە لە ڕووسیا دروستدەکرێت. کاربەدەستانی بەریتانیا دەڵێن مۆسکۆ لە پشت ئەم تاوانەیە، بۆیە لە بەرامبەردا بڕیاری دەرکردنی 23 دیپـلۆماتی ڕووسیایان لە وڵاتەکەیان دا.

مانگی ڕابردوو یولیای کچی باری تەندروستی باشبوو و نەخۆشخانە هێنرایە دەرێ.

لە ئێستادا هەردووکیان بۆ شوێنێکی نهێنی براون بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان لە هەرچ مەترسـیـیەکی دیکە.

XS
SM
MD
LG