Accessibility links

دادگای باڵای لەندەن سکاڵایەک بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیـیە ڕەتدەکاتەوە


دادگای باڵای لەندەن سکاڵای کۆمەڵێـک چالاکوانی ڕەتکردەوە کە داوا دەکەن بەریتانیا گرێبەستێـکی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بۆ عەرەبستانی سعودیـیە ڕابگرێت کە بەهاکەی بە چەندان ملیار دۆلارە مەزەندەدەکرێت.

دادگاکە ئەمڕۆ دووشەممە ئەم بڕیارەی دا لەسەر سکاڵای گروپی هەڵمەتی دژی بازرگانی چەک ناسراو بە CAAT . گروپەکە داوادەکەن مۆڵەتی هەناردەکردنی ئەو چەکانە بۆ سعودیـیە ڕابگیرێن کە بریتین لە فڕۆکەی جەنگی و بۆمب و جۆرەها تەقەمەنی دیکە، دەڵێن ئەم چەکانە ڕەنگە لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا بەکاربهێنرێن و ببنە مایەی زیان گەیاندن بە خەڵکی سیڤیل.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەر دەڵێت لە مانگی یەک ڕاپـۆرتێـکی ساڵانەی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەست گەیشتووە، ئەوانەی چاودێری شەڕ لە یەمەن دەکەن، تیایدا نووسراوە ئەو هاوپەیمانێتیەی عەرەبستانی سعودیـیە بۆ پـشتیوانیکردن لە حکومەتی یەمەن ڕابەرایەتی دەکات، ژمارەیەک هێرشی ئەنجامداوە کە دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ. بەڵام ڕیاز ئەو ئەم ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە.

دادگاکەی لەندەن لە بڕیارەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت" پەیوەندیـیەکی سیاسی و لەشکری فراوان لە نێوان بەریتانیا و عەرەبستانی سعودیـیە هەیە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکان لە یەمەن، وە سعودیـیەکان بە شێوەیەکی ئەرێنیانە کاردەکەن بۆ نەهێشتنی نیگەرانیەکان لەبارەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیـیەوە."

پاشان دەڵێت عەرەبستانی سعودیـیە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پابەندە بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و هەروەها هیچ مەترسیـیەکی ڕاستەقینە نیـیە بۆ شیانی پـێشێـلکردنی ئەو یاسایە، بۆیە پـێویست ناکات بەریتانیا گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سعودیـیە ڕابگرێت یان هەڵبوەشێنێتەوە.

گروپی چالاکوانانی CAAT لای خۆیانەوە ڕایانگەیاند تانە لە بڕیاری دادگاکە دەگرن.

ئەندرۆ سمیث گوتەبێژی گروپەکە گوتی" بڕیارەکە زۆر جێی مەخابنە و ئەگەر بێت و پەسەندبکرێت، ئەوا وەکو گڵۆپی سەوز بۆ حکومەت دەبێت لەوەی بەردەوامبێت لە پـڕچەککردن و پشـتیوانیکردنی دیکتاتۆرە دڕندەکان و ئەوانەی مافەکانی مرۆڤ پـێشێل دەکەن وەکو عەرەبستانی سعودیـیە کە بە ئاشکرایانە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پشـتگوێ خستووە."

XS
SM
MD
LG