Accessibility links

بۆریس جۆنسن گەورەترین سزای بەڕیتانیا دژی ڕووسیا ئاشکرا دەکات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنس
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنس

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن " گەورەترین سزای بەڕیتانیای دژی ڕووسیا " ئاشکرا کرد، سزاکانی بەڕیتانیا بانکەکانی ڕووسیا و ئەندامانی بازنە نزیکەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و ئەو دەوڵەمەندە ڕووسییانە دەکاتە ئامانج کە ژیانێکی زۆر خۆش لە لەندەن دەژین.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەنزیکەوە هەماهەنگی دەکەن بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت سەرۆکی ڕووسیا لەسەر ئەم داگیرکارییەی لەلایەن جیهان و مێژووشەوە سەرکۆنە دەکرێت، هەرگیز ناتوانێت " خوێنی ئۆکرانیەکان لەسەر دەستی پاک بکاتەوە."

جۆنسن لە میانەی ڕاگەیاندنی سزاکاندا لە پەرلەمانی وڵاتەکە وتی " ئەم کارە ناشرین و دڕندەییەی ڤلادیمێر پوتن دەبێت بە شکست کۆتایی بێت." وتیشی سزاکانی وڵاتەکەی زیاتر لە 100 کەس و لایەنی ڕووسییان کردۆتە ئامانج.

وتی " بەڕیتانیا گەورەترین و توندترین سزای ئابووری بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت کە هەرگیز پێشتر نەیبینیوە."

دوای ئەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەخنەیان لێگیرا لەسەر ئەوەی سزای لاوازییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە دوای ئەوەی پوتن دوو هەرێمەکەی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند، جۆنسن وتی ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ " زیادکردنی ئەو باجە ئابوورییەی کە پوتن دەبێت بیدات."

حکومەتی بەڕیتانیا وتی سەرمایەی بانکە گەورەکانی ڕووسیا سڕ دەکات، لەوانەش بانکی ڤی تی بی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا کە دووەم گەورەترین بانکی ڕووسیایە، هەروەها ڕێگە لە کۆمپانیا گەورەکانی ڕووسیا دەگرێت لە بەڕیتانیا سەرمایەکانیان زیاد نەکەن.


هاوکات بەڕیتانیا هەناردەکردنی هەندێک لە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی بۆ ڕووسیا قەدەغەکرد و چیتر ڕێگە نادات فڕۆکەکانی کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی ڕووسی ئێرۆفلۆت لە بەڕیتانیا بنیشنەوە. مۆڵەتی هەناردەکردنی کەلوپەلیش بۆ ڕووسیا قەدەغە دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG