Accessibility links

بەریتانیا دەڵێت کاردانەوەی دەبێت ئەگەربێت و وڵاتێک لە پشت تێکچوونی باری تەندروستی سێرگێی سکریپال بووبێت


وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت وڵاتەکەی کاردانەوەی توندی دەبێت ئەگەر بێت دەربکەوێت وڵاتێک لە پشت تێکچوونی باری تەندروستی سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی وڵاتەکەی بووبێت.

بۆریس جۆنسۆن ئەمڕۆ سێشەممە ئەمەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی" هەرچەندە لە ئێستادا پەنجەی تاوان ئاڕاستەی هیچ لایەک ناکەم، بەڵام بە حکومەتەکانی سەرانسەری جیهان دەڵێـین هەوڵی کوشتنی کەسانی بێ‌تاوان لەسەر خاکی بەریتانیا بەبێ سزادان تێپەڕ نابێت."

جێی ئاماژەیە پاش نێوەڕۆی یەکشەممە لە بازاڕێکی شاری سالزبری ڕۆژئاوای باشوری بەریتانیا سێرگێی سکریپال تەمەن (66 ساڵ) لەگەڵ یولیای کچی (33 ساڵ) پـێکەوە لە هۆش خۆیان چوون و بورانەوە و بە پەلە بە ئەمبوڵانس بەرەو نەخۆشخانە بران.

دەڵێن هێشتا باری تەندروستیان لە مەترسیدایە وە نازانرێت بە چی وەهایان لێهاتووە، بەڵام گومان دەکرێت لایەن ڕووسیاوە پلانی کوشتنیان دانرابێت، هەرچەندە دیمتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی لە پشت ڕووداوەکەوە بووبێت.

سێرگێی سکریپال کاتی خۆی ئەفسەر بوو لە دەزگای هەواڵگری لەشکری ڕووسیا و هەتا پـلەی کۆلۆنێل گەیشتبوو. ساڵی 2006 دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای زانیاری دەرەوەیی بەریتانیا ئەوەی بە MI-6 ناسراوە. دادگایەکی ڕووسیا بە 13 ساڵ زیندانی سزای دا، بەڵام ساڵی 2010 لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بۆ ئاڵوگۆڕی سیخوڕە دەستگیرکراوەکان، سێرگێی سکریپال ئازادکرا و ڕەوانەی بەریتانیا کرا.

XS
SM
MD
LG