Accessibility links

باری تەندروستی سیخوڕە ڕووسیایـیەکە لە بەریتانیا بەرەو باشی دەچێت


باری تەندروستی سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی ڕووسیایی و یولیای کچی بەرەو باشی دەچێت، ئەمەش پاش مانگێک لەوەی لە بەردەم بازاڕێکی شاری سالزبریی بەریتانیا لە هۆش خۆیان چوون.

پـزیشکان لە نەخۆشخانەی سالزبری لە ڕۆژئاوای باشوری بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی گوتیان سێرگێی سکریپال سوودی باشی لە چارەسەریـیەکان وەرگرتووە و باری تەندروستی بە خێرایی ڕوو لە باشبوون دەکات و چیتر حاڵەتەکەی مەترسیدار نیـیە.

کریستین بلانشارد پـزیشک لە نەخۆشخانەکە گوتی یولیای کچی سێرگێی ئەویش ڕۆژ بە ڕۆژ باری تەندروستی باشتردەبێت و تامەزرۆی ئەوەیە بە زووترین کات لە نەخۆشخانە بێتەدەرێ.

بەپـێی لێکۆڵینەوەکانی پـۆلیس و دەزگا بەرپـرسەکانی بەریتانیا، سێرگێی سکریپال و کچەکەی بە جۆرە گازێکی دەمار ژەهراوی کراون کە لە بەرهەمهێنانی ڕووسیایە. دەشڵێن زۆرترین ڕێژەی ئەو ژەهرەیان بە دەسکی دەرگای ماڵەکەیانەوە دۆزیوەتەوە.

کاربەدەستانی بەریتانیا دەڵێن گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی مۆسکۆ لە پشت تاوانەکەیە، بۆیە لە بەرامبەردا بڕیاری دەرکردنی 23 دیپـلۆماتی ڕووسیایان لە وڵاتەکەیان داوە.

XS
SM
MD
LG