وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا گوتی ڕۆژی یەکشەممە هێزی ئاسمانی ڕووسیا بە موشەکی کروز ژێرخانی هێڵەکانی شەمەندەفەری لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کردۆتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا ئاماژەشی بەوەدا شەڕە قورسەکەی شاری سیێڤیێرۆدۆنێستکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوامە و هێزەکانی ڕووسیا بەرەو سلۆڤیانسک دەجوڵێن.
لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئاماژەی بەوەدا ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا موشەکی مەودا درێژ بدەن بە ئۆکرانیا ئەوا ڕووسیا ئامانجی نوێ لە ئۆکرانیا دەپێکێت.
لە شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک کە گۆڕەپانی سەرەکیی جەنگەکەی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا دژی هێزەکانی ڕووسیا بووەتە هۆی کۆنتڕۆڵکردنەوەی نیوەی شارەکە.
لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆکی شارەوانی شاری میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر سێنکێڤیچ وتی ڕۆژی دووشەممە دەنگی تەقینەوە لە شارەکەدا بیستراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز