بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن بەڕیتانیاوە پشتیوانی لێکراوە، " سەربازانی ئەلیکترۆنی ڕووسیا " هێرشێکی نوێیان کردۆتە سەر ڕابەرانی بیانی جیهان، لەڕێی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردۆتە ئامانج و هەوڵ دەدەن داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا وەکو کارێکی ڕەوا پیشان بکەن.
ئۆفیسی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی کۆمەڵێک کەس پارەیان پێدراوە و لە کارگەیەک لە سەینت پیتەرسبێرگی ڕووسی کاردەکەن و بەرنامەی نامە ناردنی تێلیگرام بەکاردەهێنن بۆ دامەزراندنی خەڵکی زیاتر و بەکارهێنانیان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لە هەژمارەکانی ڕاگەیاندنەکانی دژ بە کرێملندا، هەروەها بەکارییان دەهێنن بۆ نوسینی کۆمێنتی پشتیوانیکردن لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و جەنگەکەی لە ئۆکرانیا.
کارگەکە کە بە کارگەی دروستکردنی زانیاری نادروست ناوبراوە، پەرەی بە تەکنیکی نوێ داوە تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لە قەدەغەکردنیان لەلایەن کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
ئۆفیسەکەی بەڕیتانیا وتی کۆمێنت دەنووسن و بابەتی پشتیوانیکردن لە کرێملن بڵاودەکەنەوە کە لەلایەن بەکارهێنەرە ڕاستەقینەکانەوە نوسراون وەک لەوەی خۆیان نوسیبێتیانن. شوێنەواری ئەم چالاکییانە لە شەش تۆڕی کۆمەڵایەتی بیندراوە، لەوانەش تێلیگرام و تویتەر و فەیسبووک و تیک تۆک.
ئۆفیسەکە وتی ئەم کارەیان سیاسییەکان و هاوڵاتیانی ئاسایییان لە سەرانسەری جیهان کردۆتە ئامانج، لەوانەش بەڕیتانیا و ئەفریقای باشوور و هیندستان. وتیشی باوەڕوایە پەیوەندییان بە یەڤجینی پریگۆزینەوە هەبێت کە لەلایەن ئەمەریکا و بەڕیتانیاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە لەڕێی ئۆنلاینەوە پشتیوانی دارایی لە ئەرکەکانی کرێملن کردووە.
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی " ناتوانین ڕێگە بە کرێملن و کێڵگەکانی دروستکردنی زانیاریی ساختە بدەین بە درۆکانیان سەبارەت بە جەنگە نایاساییەکەی پوتن، ئەو بۆشاییەی هەمانە لە ئۆنلاین داگیریبکەن. حکومەتی بەڕیتانیا هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی ئاگادارکردۆتەوە و بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تاوەکو ئەرکەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ڕووسیا نەهێڵێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
بەڕیتانیا دەڵێت سەربازانی ئەلیکترۆنی ڕووسیا ڕابەرانی بیانی دەکەنە ئامانج
![تاوەری سپاسکایای کرێملن لە ناوەڕاست، کاثیدراڵی سەینت باسیل لە چەپەوە. مۆسکۆ، ڕووسیا](https://gdb.voanews.com/c2960000-0aff-0242-6860-08d9e67632b9_w250_r1_s.jpg)