Accessibility links

بەڕیتانیا: ڕوسیا هەوڵیداوە دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەوە


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب

بەڕیتانیا دەڵێت ڕوسیا هەوڵیداوە دەستوەربداتە هەڵبژاردنە گشتیەکانی ساڵی 2019 ی بەڕیتانیاوە دوای ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەستی گەیشتووە بە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی هەستیار لەسەر ئەو ڕێکەوتنە بازرگانییە سەربەخۆیەی بەڕیتانیا ویستوویەتی لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆی بکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاویکردوونەتەوە.

ڕوسیا کە تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسادا، وتی " ئەم تۆمەتانە ڕوون نین و ئەوەندە کەموکورتیان هەیە کە مەحاڵە لێشیان تێبگەیت."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب وتی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی حکومەتی بەڕیتانیادا هاتووە دەڵێت ڕوسیا چەند جارێک هەوڵیداوە دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانەوە کە لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و پارتی پارێزەرانی وڵاتەکە سەرکەوتنیان تیایدا بەدەستهێنا، بەڵام ئاماژە بەوە نەکراوە ڕوسیا ئامانجی چی بووە لەو هەوڵەی.

وتیشی " ئێستا دڵنیاین لەوەی ڕوسیەکان هەوڵیانداوە دەستوەربدەنە هەڵبژاردنە گشتیەکانی ساڵی 2019 ی وڵاتەکەوە، ئەوەش لەڕێی بەکارهێنانی ئینتەرنێت کە تیایدا ئەو بەڵگەنامەیان بڵاوکردۆتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان کەوتووە."

ئەوەشی خستەڕوو " ئەو بەڵگەنامانە سەبارەت بە ڕێکەوتنی بازرگانی سەربەخۆی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا بوون و بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان کەوتووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕێدێت بڵاویان کردۆتەوە."

ڕاب وتی " لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕوسیا بەشێوەیەکی فراوان هەوڵیدابێت دەستوەربداتە هەڵبژاردنە گشتیەکانەوە، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە پڕۆسەی دیموکراتی وڵاتەکەمان جێی قبوڵکردن نیە."

وتیشی " حکومەتی بەڕیتانیا مافی خۆیەتی لە داهاتوودا بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هەوڵانە بداتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG