پۆلیسی بەڕیتانیا دەڵێت بەڵگەکانیان ئاماژە بەوە دەدەن باوەڕێکی تیرۆریستی توندڕەو لە پشت هێرشەکەی سەر ناوەندی کۆچبەرانەوە بووە لە شاری دۆڤەری باشووری بەڕیتانیا لە 30 ی مانگی 10 دا.
هیچ کەس بەهۆی هێرشەکەوە زیانی پێنەگەیشت، پۆلیس دەڵێت ئاندرو لیکی تەمەن 66 ساڵ بە تەنها کاری کردووە، ئاندرو لیک ماوەیەکی کورت دوای هێرشەکە لە وێستگەیەکی خزمەتگوزاری لەو نزیکانە بە مردوویی دۆزرایەوە.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ئێستادا هیچ شتێک نیە ئاماژە بەوە بکات کە هێرشبەرەکە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا کاری کردووە و هیچ مەترسییەکی گەورەتر بۆ سەر خەڵکەکە نیە."
دامەزراوەی کۆچبەرانی دۆڤەر یەکەم وێستگەی ئەو هەزاران کەسەیە کە بە شێوەیەکی مەترسیدار بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە و مافی پەنابەرێتی دەکەن لە بەڕیتانیادا.
پۆلیس دەڵێت بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئاندرو لیک باوەڕێکی ڕاستڕەوی توندڕەویی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی ئاماژەی بەهێز هەن لەسەر ئەوەی باری تەندروستی دەروونی لیک هۆکارێک بووە لە هێرشەکەدا. وتیشی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ڕێکخەری باڵای نیشتیمانی بۆ پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تیم جاکس وتی " من بەوە ڕازیم کە کردەوەکانی گومانلێکراوەکە بە پلەی یەکەم بەهۆی باوەڕێکی توندڕەوییەوە بووە. ئەمەش دەگاتە ئاستی ڕووداوێکی تیرۆریستی."
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک وتوویەتی کە بەڕیتانیا وڵاتێکی بە سۆزە و شوێنێکی پێشوازیکەرە لە پەناخوازان، بەڵام ئەمە پەیوەستە بەوەوە وڵاتەکە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر سنوورەکانی بپارێزێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز