وتەبێژێکی ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا دەڵێت سەرۆک وەزیری نوێی وڵاتەکە ڕیشی سوناک بەڵێنیداوە بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کە پشتیوانی بەڕیتانیا بۆ ئۆکرانیا جێگیر و " لە ژێر سەرۆکایەتییەکەیدا بەهێزتر دەبێت."
وتەبێژەکە وتی " سەرۆک وەزیر وتوویەتی سەرۆک زێلێنسکی دەتوانێت پشت بە حکومەتەکەی ' سوناک ' ببەستێت لەوەدا کە بەردەوام دەبێت لە وەستانی لە پاڵ ئۆکرانیادا."
وتیشی " هەردوو سەرۆکەکە ڕێککەوتوون لەسەر پێویستی بەردەوامیدان بە فشار کردن بۆ سەر ڕژێمە دڕندەکەی پوتن، ئەوەش لە ڕێی بەردەوامیدان بە سەپاندنی سزا ئابوورییەکانەوە."
لەلای خۆیەوە زێلێنسکی وتی باوەڕی وایە " سەرکردایەتی بەڕیتانیا لە بەرگریکردن لە دیموکراسی و ئازادیدا " بەهێزتر دەبێت.
زێلێنسکی وتی " ئۆکرانیا و بەڕیتانیا لەمدواییانەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزتر لە پەیوەندییەکانی نێوانیاندا و هێشتا دەرفەتی دیکە هەیە بۆ پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانمان." وتیشی بانگهێشتی سوناکی کردووە سەردانی ئۆکرانیا بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز