Accessibility links

تێریزا مەی داوا لە پاکستان دەکات ڕێوشوێن بگرێتەبەر دژی گروپە تیرۆریستییەکان


ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وتی مەی جەختی لە پێویستی ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت پاکستان ڕێوشوێن دژی گروپە تیرۆریستیەکان بگرێتەبەر، ئەمەش لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری پاکستان عومران خاندا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان هیندستان و پاکستاندا نزیک بۆوە، دوای ئەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەو بەشەی کشمیری هیندستاندا تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 40 سەربازی هیندی. هیندستان پاکستانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی پشتگیری لە کۆمەڵەی سوپای محەمەد دەکات کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند. پاکستانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. دواتر هیندستان وەکو وەڵامدانەوەیەک هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر بنکەیەکی مەشقی سەربازیی سوپای محەمەد و وتی زۆرێک لە چەکدارانی ئەو سوپایە لە هێرشەکەدا کوژراون. پاکستانیش وتی هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە، دواتر هێرشەکان زیادیان کرد و پاکستان دوو فڕۆکەی هیندی لە ناو ئاسمانی پاکستاندا خستە خوارەوە.

بەڵام دوای ئەوەی پاکستان فڕۆکەوانە هیندییەکەی وەکو دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتی لەگەڵ هیندستاندا ئازاد کرد، ڕەوشەکەی نێوان پاکستان و هیندستان هێوربۆوە.

ئۆفیسی مەی ڕایگەیاند لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا خان وتوویەتی پابەندە بە دانانی سنوورێک بۆ گرژییەکان لەگەڵ هیندستاندا.

هەروەها وتیشی " هەردوو سەرۆکەکە گفتوگۆیان لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی هۆکاری ململانێکان کردووە. سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا جەختی لەوەش کردۆتەوە کە پێویستە پاکستان وەکو پشتیوانییەک لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕێوشوێن بگرێتەبەر لەدژی گروپە تیرۆریستییەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG