Accessibility links

بەرپرسێک بەڕیتانی داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات پێکەوە کاربکەن دژی توندڕەوە ئیسلامییەکان


سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەڕیتانیا ئاندرو پارکەر
سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەڕیتانیا ئاندرو پارکەر

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەڕیتانیا " ئێم ئای 5 "ئاندرو پارکەر وتی پێویستە لەسەر بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا پەیوەندییە ئەمنییەکانیان توندتر بکەنەوە دوای هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتییەکە، ئەمەش بە مەبەستی شکستپێهێنانیتوندڕەوانی ڕێکخراوی داعش و بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ زیان گەیاندن بە دیموکراسیەتی ڕۆژئاوا.

بەڕیتانیا وەکو یەکێک لە هێزە باڵا دەستەکانی ئەوروپا لە بواری هەواڵگریدا هەوڵ دەدات پەیماننامەیەکی ئاسایشی نوێ لەگەڵ یەکێتییەکەدا واژۆ بکات بۆ ئەوەی زانیارییە نهێنییەکانی وڵاتە گەورەکانی دیکەی ناو یەکێتییەکە بزانێت لەکاتێکدا لەندەن هەوڵدەدات ڕێکەوتنێکی گەورەتر و فراوانتر ئەنجام بدات بۆ هاتنە دەرەوە لە یەکێتییەکە.

لە یەکەمین لێدوانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەڕیتانیا لە دەرەوەی وڵاتەکەدا، پارکەر لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا کە هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا میوانداری کۆبوونەوەکەی کردبوو لە بەرلین وتی توندڕەوانی ڕێکخراوی داعش پلان دادەنێن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاڵۆزتر و وێرانکەرتر.

پارکەر وتیشی وابڕیارە وڵاتەکەی لە ساڵی داهاتوودا یەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە بەڵام سێ دەزگا هەواڵگرییەکەی بەڕیتانیا کە هەواڵگری ناوخۆ ئێم ئای 5 و هەواڵگری دەرەوەی ئێم ئای 6 و بنکەی پەیوەندییەکانی حکومەت، ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دەیانەوێت بەردەوام بن لە هاریکارییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا.

پارکەر وتی " نابێت بهێڵین توانا و هەوڵە هاوبەشەکانمان لەسەر ئاستی ئەوروپا لەناوبچن." وتیشی هیوادارە دوای هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتییەکە، هەردوولا بتوانن بگەنە ڕێکەوتنێکی بەرفراوانی ئەمنی.

جێی ئاماژەیە دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەڕیتانیا ئێم ئای 5 لە ساڵی 1909 دا دامەزرا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی سیخووڕییەکانی ئەڵمانیا لە پێش جەنگی جیهانی یەکەمەوە و ئەرکی هەواڵگرییەکە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیە بۆیە لەگەڵ پۆلیسدا هەماهەنگی دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG