Accessibility links

باوک و برای خۆکوژەکەی مانچستەر لە لیبیا دەستگیرکران


هێزەکانی ئاسایشی لیبیا وتیان باوک و برای سەلمان عوبەیدی خۆکوژەکەی مانچستەریان دەستگیرکردووە.

وتەبێژی دژە تیرۆری لیبیا وتی هاشم عوبەیدی لەمدوایییانەدا پەیوەندی هەبووە بە براکەیەوە و پلانی هێرشەکەی زانیوە.

وتەبێژەکە وتی " بەڵگەمان لایە لەگەڵ براکەیدا پەیوەندییان هەیە بە داعشەوە، مانگ و نیوێک زیاترە چاودێریی دەکەین."

سەلمان عوبەیدی لە مانچستەر ئارینا خۆی تەقاندەوە و 22 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی تر برینداربوون، تەنها چەند ساتێک پاش تەواوبوونی ئاهەنگی گۆرانیبێژی ئەمەریکی ئاریانا گراندی.

باوکی عوبەیدی بە ڕۆیتەرزی وت پێنج ڕۆژ لەوەوپێش قسەی لەگەڵ کوڕەکەیدا کردووە و هەمووشتێک ئاسایی بووە.

باوکی لە تەڕابلس وتی کوڕەکەی بیروڕای توندڕەوی نەبووە و وتیشی عوبەیدی کاتێک کە هەفتەی پێشوو لیبیای جێ هێشتووە باسی لەوە نەکردووە کە بەرەو مانچستەر دەچێت.

عوبەیدی پیر بە ڕۆیتەرزی وت ئەو سەرکۆنەی کاری تیرۆریستی دەکات لەسەر خەڵکی بێتاوان و سڤیل.

سەرۆکی پۆلیسی مانچستەر ئییان هۆپکینس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوە ڕوون و ئاشکرایە ئەمە ئەو تۆڕەیە کە ئێمە لێکۆڵینەوەی لێدەکەین و عوبەیدی بە تەنها نەبووە کە کارەکەی ئەنجامداوە."

پۆلیس شەشەم کەسی دەستگیرکرد کە ئافرەتێک بوو لە باکووری مانچستەر هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیی و دەستگیریان کرد، پێنج پیاوەکەی تریش لەژێر دەستی پۆلیسدان و پۆلیس هیچ زانیارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئەمانە چۆن پەیوەندییان هەبووە بە تەقینەوەکەوە.

خۆکوژەکە گەشتی کردووە بۆ سوریا:

لە فەڕەنسا وەزیری ناوخۆ جیرارد کۆڵۆمب وتی دەزگای هەواڵگری بەریتانیا و فەرەنسا زانیارییان هەبووە لەسەر ئەوەی عوبەیدی لەوانەیە گەشتی کردبێت بۆ سوریا.

کۆڵۆمب بە تەلەفیزیۆنی فەڕەنسی بی ئێف ئێم ی وت " عوبەیدی لە بەریتانیا گەورە بووە دواتر لەناکاو دوای گەشتێک بۆ لیبیا و لەوانەیە بۆ سوریاش بیری توندڕەوییان تێدا چاندووە و بڕیاریداوە ئەم هێرشە ئەنجام بدات، لە هەموو بارەکاندا پەیوەندیی ئەو بە داعشەوە سەلمێنراوە."

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەسەر هێرشەکە ڕاگەیاند بەڵام هەواڵگری بەریتانیا و ئەمەریکا دڵنیاییان نەدا کە گروپە توندڕەوەکە دەستی تێدا هەبووبێت.

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG