پۆلیسی بەریتانیا ناسنامەی ئەو خۆکوژەی ئاشکرا کرد کە لە هێرشێکدا بۆ سەر هۆڵی ئاهەنگێکی مۆسیقا لە مانچستەر خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا 22 کەس گیانیان لەدەستدا و وتیشیان ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا بە تەنها کارەکەی ئەنجامداوە یاخوود خەڵکی تریش هاوکاری کردووە.
خۆکووژەکە ناوی سەلمان عوبەیدیەوە و تەمەنی 22ساڵە، دوو کاربەدەستی ئەمەریکیش کە لە پەیوەندیدان لەگەڵ کاربەدەستانی بەریتانی وتیان لەوانەیە بە شەمەندەفەر لە لەندەنەوە چووبێت بۆ مانچستەر.
دوو کاربەدەستە ئەمەریکییەکە وتیان بەپێی کاربەدەستانی دەزگای هەواڵگری بەریتانیا عوبەیدی لە ساڵی 1994 دا لە مانچستەر لەدایک بووە و باوک و دایکی خەڵکی لیبیان.
وتیشیان باوک و دایکی لە لیبیاوە کۆچیان کردووە بۆ لەندەن و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ ناوچەی فالوفێڵد کە دەکەوێتە باشووری مانچستەرەوە و نزیکەی دە ساڵ لەوێ ژیاون.
سەرکردەی پۆلیسی مانچستەر ئیان هۆپکینز وتی " ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە لەگەڵ تۆڕی دژە تیرۆر و هاوەڵەکانی ئاسایشمان کاربکەین بۆ بەردەوامبوون لەسەر گەڕان بەدوای ئەوەدا کە ئایا بە تەنها کارەکەی ئەنجامداوە یاخوود خەڵکی تریش یارمەتی داوە."
سەرچاوە / ڕۆیتەرز