Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا داوا لە ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان دەکات بگەڕێنەوە سەر چارەسەری دوو دەوڵەت


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب پێش کۆبوونەوەکانی لە ئیسڕائیل و فەڵەستین داوای کۆتای هێنانی بە " بەردەوامی توندوتیژییەکان " کرد لەڕێی گەڕانەوە بۆ سەر چارەسەری دوو دەوڵەتەوە.

سەردانەکەی ڕاب کە ماوەی یەک ڕۆژ دەخایەنێت دوای ئەوە دێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە لەمیانەی گەشتەکەیەدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵێنیدا دووبارە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و فەڵەستینیەکان بونیادبنێتەوە، ئەوەش لەڕێی دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم و پێدانی یارمەتی دارایی بە کەرتی غەزە.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی ڕاب لە ئۆرشەلیم چاوی بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەکەوێت و لە ڕامەڵاش چاوی بە سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان مەحمود عەباس دەکەوێت، هەروەها چاوی بە بەرپرسانی باڵای دوو حکومەتەکەش دەکەوێت.

ئامانج لەم جوڵە دیبلۆماتیە نێودەوڵەتیانە پشتیوانیکردنە لە ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان، ڕاب پێشوازی لە ئاگربەستەکە کرد و لە بەیاننامەیەکدا وتی " گرنگە ئێستا سەرجەم لایەنەکان سەنگ بخەنە سەر بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە."

ئەوەشی خستەڕوو " ڕووداوەکانی ئەمدواییانە تیشک دەخاتە سەر پێویستیەک بۆ ڕۆیشتن بەرەو داهاتووییەکی پرشنگ بۆ هەریەک لە ئیسڕائیلییەکان و فەڵەستینیەکان و شکاندنی بازنەی توندوتیژییەکان کە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر بوونەتە قوربانی."

ڕاب جەختیشی لەوە کردەوە " بەڕیتانیا پشتیوانی لە چارەسەر دوو دەوڵەت دەکات و تەنها ڕێگەیە بۆ خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەیی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG