Accessibility links

وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت نابێت وڵاتەکەی تەنها پـشـت بە هاوپەیمانان ببەستێت لە شەڕی داعش


وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت نابێت بەریتانیا تەنها پشـت بە هاوپەیمانانی ببەستێت بۆ پاراستنی خۆی لە داعش، بۆیە داوا لە یاسادانەرانی وڵاتەکەی دەکات تاووتوێی مەسەلەی هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە عێراقەوە بۆ سوریا بکەن.

مایکڵ فاڵۆن لە لێدوانێـکیدا بۆ BBC گوتی " بە تایبەتی داوا لە پەرلەمانتاران دەکەم ئەو ڕاستیـیە بزانن، ئەویش لە ئێسـتادا جادەکانی بەریتانیا بەوە پارێزراوە کە ئەمەریکا و ئوسترالیا و فەڕەنسا لە ناوجەرگەی داعش دەدەن لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، لەو شوێنەی داعش تیایدا دامەزراوە و سەرکردایەتی دەکرێت."

پاشان گوتی " داعش هەڕەشەیەکی زۆر ڕاستەوخۆیە بۆ بەریتانیا و لە ڕووی مۆڕاڵەوە ڕاست نیـیە پـشت بە هێرشە ئاسمانیـیەکانی فەڕەنسا یان ئوسترالیا یانیش ئەمەریکا ببەستین تاوەکو جادەکانمان پارێزراو بن."

وەزیری بەرگری بەریتانیا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد حکومەتی وڵاتەکەی لە چەند هەفتەی داهاتوو زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ یاسادانەران ئەنجام دەدات بە مەبەستی گەیشـتن بە سازانێـکی سیاسی بۆ فراوانکردنی بەشداری بەریتانیا لە شەڕەکەدا.

دواتر گوتی " ئەگەر ئێمە ڕژدبین لە شەڕی دژی داعش، ئەوا لە کۆتایـیدا دەبێت ئامادەکاری بۆ لێدانی بارەگای سەرەکی داعش بکەین کە لە سوریایە نەک لە عێراق.

جێی ئاماژەیە لەم هەفتەیە حکومەتی بەریتانیا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن وازی هێناوە لە بەدەسـتهێنانی ڕەزامەندی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە سوریا.

XS
SM
MD
LG