Accessibility links

کۆمیتەی بەریتانیا بۆ شەڕی عێراق: پـلانی گونجاو بۆ دوای ڕووخاندنی سەدام حسێن نەبوو


سەرۆکی کۆمیتەی بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوە لە شەڕی عێراق دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەیان ساڵی 2003 بڕیاری بەشداریکردنی لەو شەڕە دابوو بەر لەوەی هەموو دەرفەتەکان لەدەست بدات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێـکی ئاشتیـیانە و هەروەها پـلانی گونجاو بۆ دوای سەدام حسێن نەبوو.

جۆن چێلکۆت ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێـکی 12 لاپەڕەیی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کۆمیتەکەی بڵاوکردەوە کە 7 ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی سەرۆک وەزیری پـێشوو گۆردن بڕاون پـێکهێنرا.

چێلکۆت لە ڕاگەیاندنەکەدا پـرسیار دەکات و دەڵێت" بێ‌گومان سەدام حسێن دکتاتۆرێـکی دڕندەبوو کە پەلاماری وڵاتانی دراوسێی دابوو و خەڵکێـکی زۆری وڵاتەکەی کوشتبوون و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پـێشێـل‌دەکرد، بەڵام ئایا ڕاست بوو و پـێویستی دەکرد لە مانگی سێی ساڵی 2003 پەلاماری عێراق بدرێت و هەروەها بەریتانیا بە شێوەیەکی باش خۆی بۆ دوای داگیرکردنی عێراق ئامادەکردبوو؟

لە وەڵامدا دەڵێت گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بەریتانیا بڕیاری بەشداریکردنی لە داگیرکردنی عێراق دابوو بەر لەوەی هەموو بژارەکانی ئاشتی لە بەردەمیدا نەمێنێت بۆ داماڵینی چەکی کۆمەڵ‌کوژی ئەو وڵاتە. کرداری لەشکری لەو کاتەدا دوایـین ڕێگەچارە نەبوو.

لە بەشێـکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەی چێلکۆت دەڵێت ڕەنگە لە قۆناغێـکدا کرداری لەشکری لە عێراق پـێویستی بکردایە، بەڵام لە مانگی سێی ساڵی 2003 سەدام حسێن جێی مەترسی نەبوو.

سەبارەت بەوەی بەریتانیا پـلانی بۆ دوای سەدام حسێن هەبووە، چێلکۆت نووسیویەتی " سەرەڕای هۆشداریـیەکان، زۆر لە ئاکامەکانی داگیرکردنەکە کەم کرابوونەوە. پـلان و ئامادەکاریـیەکان بۆ عێراق لە دوای سەدام حسێن بە هیچ شێوەیەک گونجاو نەبوون."

کۆمیتەکە ڕەخنە لە تۆنی بلێر سەرۆک وەزیری ئەو کاتەی بەریتانیا دەگرێت، دەڵێت ساڵی 2002 بەڵێنی بە جۆرج بوش سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دابوو هەرچیـیەک ببێت ئەو لە شەڕی عێراقدا لەگەڵیدا دەبێت.

کۆمیتەی شەڕی عێراق لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو بۆ ئەم مەبەستە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ 120 کەس کردووە، لەوانە تۆنی بلێر و گۆردن بڕاون کە لە دوایـیدا بوو بە سەرۆک وەزیر.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی 2003 وە هەتا 2009 نزیکەی 45 هەزار سەربازی بەریتانی بەشداریـیان لە شەڕی عێراقدا کرد. 179 سەربازیان گیانیان لەدەسـتدا.

زۆرێـک لە عێراقیـیەکان پـێـیان وایە ئەگەر ئەو شەڕە نەبووایە، ئەوا سەخت دەبوو بۆیان ڕژێمی سەدام حسێن لەناوبەرن کە بەرپـرس بوو لە کوشتنی سەدان هەزار عێراقی و وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان و وشککردنی زەلکاوەکانی باشوری وڵاتەکە. جگە لەوەی زیندانەکانی بە نەیارە سیاسیـیەکانی پـڕکردبوو.

XS
SM
MD
LG