Accessibility links

بەریتانیا پـشتڕاستی دەکاتەوە بەلەمی ئێرانی هەوڵیان دابوو ڕێگری بکەن لە کەشتیـیەکی بەریتانی


بەریتانیا ئەو هەواڵانە پشتڕاستدەکاتەوە کە دەڵێن چەند بەلەمێکی هێزی ئێران هەوڵیان دابوو ڕێگری بکەن لە کەشتیـیەکی بازرگانی بەریتانیا لە تەنگەی هورمز.

حکومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی سێ بەلەم کە پـێدەچێت لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران بووبن، دوێنێ لە تەنگەی هورمز هەوڵیان دابوو ڕێگری لە کەشتی بریتیش هێرتێج بکەن کە تایبەتە بە گواستنەوەی سووتەمەنی، بەڵام کەشتی جەنگیHMS Montrose ی هێزی دەریایی بەریتانیا ڕووبەڕوویان بووەتەوە و ئاگاداری کردوونەتەوە لە کەشتیـیەکە دوربکەون، بەلەمەکانی ئێرانیش دورکەوتوونەتەوە.

شەوی چوارشەممە کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت چەند بەلەمێکی ئێرانی لە کەشتیەکی نەوتی بەریتانیا نزیکبوونەتەوە و داوایان لێکردبوو بوەستێت، بەڵام کەشتیەکی جەنگی بەریتانیا بە ڕێگەی ئامێری بێ تەلەوە بەلەمەکانی ئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش کشاونەتەوە.

ئێران لای خۆیەوە هەواڵەکەی ڕەتکردەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فارسی نیمچە فەرمی ئێران بەیاننامەیەکی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی بڵاوکردەوە کە تیایدا نکوڵی دەکات ڕووداوێکی لەو جۆرە بووبێت. ئاژانسەکە گوتیشی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە ئەویش لێدوانەکانی بەریتانیای ڕەتکردووەتەوە و گوتویەتی ئەو ئیدیعایانە هیچ بەهایەکیان نیـیە و ئامانج لێـیان نانەوەی گرژیـیە.

جێی ئاماژەیە ئەم ڕووداوە پاش نزیکەی هەفتەیەک دێت لەوەی دەسەڵاتدارانی چیای تاریقی سەر بە بەریتانیا بە یارمەتی هێزی دەریایی بەریتانیا دەستیانگرت بەسەر کەشتیـیەکی نەوت پاش ئەوەی گومانیان لێکرد نەوتی ئێرانی بارکردبێت بۆ سوریا، ئەمەش پـێشێلکردنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە بەسەر ڕژێمی سوریا.

حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران ڕۆژی چوارشەممە هوشداری دا کە بەریتانیا ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاکامەکانی دەستگرتن بەسەر ئەو کەشتیـیە نەوتەی ئێراندا ببێتەوە.

XS
SM
MD
LG