بەریتانیا هەوڵ دەدات بە خێرایی زانیاری دەستبکەوێت لە بارەی مامۆستایەکی زانکۆی بەریتانی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە لە 15 ی مانگی چوارەوە لە ئێران دەسـتگیرکراوە.
گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی هەوڵ دەدەین بە خێرایی زانیاریمان لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەستبکەوێت لە بارەی عەباس عەدالەت کەسایەتی ئاکادیمی و چالاکوانی ئاشتخواز کە هەردوو هاوڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانی هەیە.
ئەم داوایەی بەریتانیا پاش ئەوە بوو کە سەنتەری مافەکانی مرۆڤی ئێران CHRIبنکە لە نیویۆرک ڕایگەیاند عەباس عەدالەتی چالاکوان و مامۆستای زانستی کۆمپـیوتەر لە زانکۆی ئمپـیریالی بەریتانیا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە لایەن هێزێکی سوپای پاسداران لە تاران دەسـتگیرکراوە و ماڵەکەیان پـشکنیوە و کۆمپـیۆتەر و سیدیـیەکانیان بردووە.
دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە عەباس عەدالەت داوایکردبوو بە کەفالەت ئازادبکرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران داواکەیان ڕەتکردووەتەوە.