Accessibility links

بەڕیتانیا یارمەتییەکانی بۆ پەنابەرانی سوری زیاد دەکات


وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەڕیتانیا بێنی مۆردانت وتی بەڕیتانیا یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ سوریا و وڵاتانی دراوسیی زیاد دەکات کە ملیۆنان پەنابەرییان تێدایە.

مۆردانت وتی بەڕیتانیا دەگەڕێت بەدوای شێوازێکە تا بتوانێت یارمەتی مرۆیی زیاتر پێشکەشی هاوڵاتیانی مەدەنی بکات لەو ناوچانەی کە گەمارۆدراون و لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندان، لە کاتێکدا حکومەتی سوریا قورسی کردووە لەسەر ڕێکخراوە ناحکومییەکان یارمەتییەکان بگەیەنن.

بەرپرسانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە ناحکومییەکان گەمارۆدانەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن حکومەتی سوریا و هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچانە کە دانیشتوانی تێدایە شەرمەزار دەکەن.

مۆردانت وتی " ڕۆڵی من ئەوەیە داوا بکەم کارە توندوتیژییەکان بوەستێنرێن و ئەو یارمەتییە مرۆییانەمان بەدەست بگات کە پێویستمانە. زۆر قورسە یارمەتییە تەندروستییەکان و پێداویستییەکان بگەیەنینە ناوەوە تەنانەت ئەگەر ڕێکەوتنی ئاگربەستیش ئەنجام بدرێت. "

جێی ئاماژەیە بەڕیتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا کە زۆرترین یارمەتی پێشکەشی سوریا کردووە و زیاتر لە 3.48 ملیار دۆلاری لە یارمەتییە مرۆییەکاندا خەرج کردووە.

مۆردانت ئاماژەی بەوەدا کە نابێت ئەو هێرشە کیمیاییە دوورمان بخاتەوە لەو ئازارانەی کە سورییەکان تیایدا دەژین.

وتیشی گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بەوەی بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانی وەڵامدانەوەی سەربازییان هەبێت دژی هێرشەکە.

وتی " لەگەڵ لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە هێرشەکە و وەڵامدانەوە لە کاتێکدا کە شتێکی خراپ ڕوودەدات، دەبێت لەبیرمان بێت ئەو خەڵکانە هێشتا لەسەر هێڵی ئاگرن. ڕۆڵی من ئەوەیە تا بتوانم هەوڵبدەم ئەو خەڵکانە بپارێزم"

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG