Accessibility links

بەڕیتانیا سزا بەسەر جیاخوازەکانی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا دەسەپێنێت


هەرێمی دۆنێتسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا
هەرێمی دۆنێتسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

ڕۆژی چوارشەممە بەڕیتانیا وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر 206 کەسدا ڕاگەیاند، 178 کەسییان بەشدار بوون لە پاڵپشتیکردن لە جیاخوازەکانی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

ئۆفیسی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی لەنێو ئەوانەدا کە سەرمایەکانیان سڕکراوە و گەشتکردنیان لەسەر قەدەغەکراوە ئالیکساندەر ئانانچێنکۆ و سێرگێی کۆزلۆڤیش دەگرنەوە، کە خۆیان بە سەرۆک وەزیر و سەرۆکی حکومەتی " کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوهانسک " ناساندووە.

سزاکانی بەڕیتانیا هەریەک لە سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی لوکئۆیڵی ڕووسی ڤێجیت ئالیکپێرۆڤ و سەرۆکی کۆمپانیای سیستیمای ڕووسی ڤلادیمیر یەڤتوشینکۆڤیش دەگرنەوە. بەڕیتانیا دەڵێت سەرمایەکەی ئالیکپێرۆڤ دەگاتە 18 ملیار پاوەند کە دەکاتە 23.6 ملیار دۆلار.

سزاکان ئەندامانی زیاتری خێزانی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا دەگرێتەوە، لەوانەش پاڤێڵ ئیزوبۆڤی کوڕی مامی ئۆلیگ دێریپاسکا و نیگینا زایرۆڤای یاریدەدەری میخائیل فریدمانی خاوەن کاری ڕووسی.

هەروەها ماریا لاڤرۆڤای خێزانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ گەشتکردنی لەسەر قەدەغە کراوە و سەرمایەکانیشی لە بەڕیتانیا سڕکراون.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی " لەنێوەندی هێرشە موشەکییە خراپەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ سزا دەسەپێنێن بەسەر ئەوانەدا کە پاڵپشتیان لە هەرێمە نایاساییەکان کردووە و دەستیان هەیە لە کردەوە دڕندانەکانی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا."

وتیشی " بەردەوام دەبین لە بە ئامانجکردنی سەرجەم ئەوانەی کە یارمەتی و پشتیوانی لە جەنگەکەی پوتن دەکەن."

حکومەتی بەڕیتانیا لەم هەفتەیەدا کار لەسەر یاسایەک دەکات بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ئاسن و پۆڵای ڕووسی و هەروەها قەدەغەکردنی هەناردەکردنی تەکنەلۆجیاکانی کوانتوم و ماددە پێشکەوتووەکان و کەلوپەلە گرانبەهاکان بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG