Accessibility links

پەرلەمانی بەڕیتانیا ڕێکەوتنەکەی مەی بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا ڕەت دەکاتەوە


پەرلەمانی بەڕیتانیا بۆ جاری دووەم ئەو ڕێکەوتنەی ڕەت کردەوە کە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە تێریزا مەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا واژۆی کردبوو سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە. ئەمەش قەیرانە سیاسییەکەی ئەو وڵاتە قوڵتر دەکاتەوە، تەنها 17 ڕۆژیش ماوە بۆ بەرواری جیابوونەوەکە.

پەرلەمانی بەڕیتانیا بە زۆرینەی دەنگ ڕێکەوتنە چاککراوەکەیان ڕەت کردەوە دوای ئەوەی وتوێژەکانی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا شکستی هێنا.

لە ماوەی ڕابردوودا پێش دەنگدانەکەی پەرلەمانی بەڕیتانیا، مەی وتی دواخستنی کاتی دیاریکراو بۆ وتوێژەکان سەبارەت بە جیابوونەوەکە وادەکات ئەم پڕۆسەیە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتیەکەوە.

هەروەها وتەبێژی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا وتی ڕەت کردنەوەی ئەو ڕێکەوتنەی بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا پێی گەیشتوون بۆ جاری دووەم لەلایەن پەرلەمانی بەڕیتانیاوە، بەڕێژەیەکی زۆر مەترسی جیابوونەوە بەبێ ڕێکەوتن زیاد دەکات.

وتیشی " بەداخەوەین بۆ ئەنجامی دەنگدانەکەی ئەمشەو.. یەکێتی ئەوروپا ئەوەی لەتوانایدا بوو کردی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک، قورسە بزانین لەوە زیاتر چی بکەین."

وتیشی " لەکاتێکدا تەنها 17 ڕۆژی ماوە بۆ بەرواری کۆتایی جیابوونەوەکە، ئەم دەنگدانە بەڕێژەیەکی زۆر مەترسی جیابوونەوەی بەبێ ڕێکەوتن زیاد کرد. ئەگەر بەڕیتانیا داوایەکی مەنتیقی بکات بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە ئەوا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بیری لێدەکەنەوە و لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری لەسەر دەدەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG