ئەمڕۆ لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵی سەبارەت بە یەمەن ئەنجام دەدرێت کە بە " لیژنەی پێنجی " ناسراوە و بە بەشێک لە هەوڵە سەرەکییەکانی لایەنەکان دادەنرێت کە هەوڵدەدەن بگەنە ڕێکەوتنێکی سیاسی درێژخایەن بۆ ناکۆکییەکانی یەمەن.
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات و هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئیماڕات و عومان و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسیی تۆماس شانن و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسماعیل وەلەد شێخ ئەحمەد بەشداری تێدا دەکەن.
پێش ئەم کۆبوونەوەیە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن پێشوازی لەو هەنگاوانە کرد بۆ کردنەوەی هەردوو مینای حەدیدە و سەڵیف و کردنەوەی گەشتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەنعا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا ڕۆز گرفیثز وتی ئەمە یەکەم کۆبوونەوە نیە لەندەن میوانداری کردبێت لە هەوڵە سیاسییەکانیدا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە یەمەن.
سیاسییەکەی بەڕیتانیا پێی وایە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی تەنها ڕێگەیە بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری لە یەمەن، لەبەر ئەوەش ئەرکی سەرەکیان دانوستانەکانی ئاشتی دەبێت.
وتیشی " حوسییەکان دەبێت دەستبەرداری ئەو مەرجانەی پێشوویان ببن و کاردانەوەیەکی ئەرێنیان هەبێت بەرامبەر پێشنیارەکانی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان."
سەرچاوە/ سکای نیوز