Accessibility links

بەریتانیا بە نیازە تەواوی حزبوڵڵای لوبنان بخاتە لیستی گروپە تێرۆرستیـیەکانی وڵاتەکەیەوە


حکومەتی بەریتانیا دەڵێت پـرۆژە بڕیارێکی ڕەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە بە مەبەستی دانانی هەردوو باڵی سیاسی و لەشکری حزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ دوو گروپی دیکە لە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندا.

ساجید جاڤید وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنم سێ گروپ قەدەغەکراون- لە نێویاندا حزبوڵڵا. بەردەوام دەبین لە قەدەغەکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی جێی هەڕەشەن بۆ سەر سەلامەتی و ئاسایشیمان."

ماڵپەڕی حکومەتی بەریتانیا وردەکاری هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسراوە دەبێت پەرلەمان پەسەندی بکات تاوەکو لە ڕۆژی هەینیـیەوە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. لەگەڵ حزبوڵڵا، گروپی ئەنسارولئیسلامی وڵاتی بورکینا فاسۆ و گروپی جەماعەتی نوسرەت ئەلئیسلام‌وەلموسلیمینی وڵاتی مالی لە نێو پـرۆژە بڕیارەکەدان.

پاش ئەوەی پـرۆژە بڕیارەکە لە پەرلەمان پەسەندبکرێت و بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، هەر کەسێک ببێتە ئەندامی ئەو سێ گروپە یان پشتیوانیان لێبکات، ئەوا ڕەنگە سزاکەی بگاتە 10 ساڵ زیندانی.

جێرێمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بارەی قەدەغەکردنی حزبوڵڵا گوتی حکومەتی وڵاتەکەی بەمە پەیامێکی ڕوون دەدات، ئەویش ئەو کارانەی حزبوڵڵا لە ناوچەکە ئەنجامیان دەدات و دەبنە مایەی ناسەقامگیری بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵ نیـیە و زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا دەگەیەنێت.

جەختی کردەوە ئەم هەنگاوە کاریگەری نابێت بەسەر وابەستەیـیەکانی بەریتانیا بەرامبەر بە لوبنان و گوتی بەریتانیا پشتیوانێکی بەهێزە لە سەقامگیری و بەرەوپـێشچوونی لوبناندا.

XS
SM
MD
LG