Accessibility links

دادگای باڵای بەریتانیا: دەبێت پەرلەمان لەسەر دەرچوونی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا پەسەندبکات

  • VOA News

دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری دا کە دەبێت پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەنگ بدات لەسەر ئەوەی ئایا ڕێگە بە حکومەت دەدات دەستبکات بە پـرۆسەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا یان نا.

دەیڤد نوبێرگەر سەرۆکی دادگای باڵا ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارەکەی ڕاگەیاند و گوتی بە دەنگی 8 بەرامبەر 3 ئەندامی ئەنجومەنی دادوەران پەسەندکراوە و تیایدا هاتووە حکومەت مافی ئەوەی نیـیە کار بە مادەی 50 ی ڕێکەوتنـنامەی لیشبۆنە بکات بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان.

مادەی 50 دەڵێت هەموو وڵاتێـکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لە یەکێتیـیەکە بچێتە دەرێ.

هاوکات دادگاکە قایل نەبوو هەر یەک لە پەرلەمانی سکوتلاند و ئێرلاندای باکور و وێڵز دەنگ لەم بارەیەوە بدەن.

لە لایەکی دیکە گوتەبێژی خانم تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا گوتی بەریتانیـیەکان دەنگیان داوە بۆ کشانەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا، بۆیە حکومەت کار بە مادەی 50 دەکات هەر وەک چۆن بەرنامەی بۆ دانراوە لە کۆتایی مانگی سێ جێبەجێ بکرێت. گوتیشی ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.

مانگی شەشی ساڵی 2016 بەریتانیـیەکان لە ڕیفراندۆمێـکدا بە دەنگی 51.9 بەرامبەر 48.1 دەرچوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا پەسەندکرد.

XS
SM
MD
LG