Accessibility links

خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە لەندەن لە دژی سەرۆکی تورکیا سازدەکرێت


دەیان خۆپـیشاندەر لە لایەنگرانی کورد و ئازادی ڕادەربڕین ئەمڕۆ سێشەممە لە بەردەم بارەگای حکومەتی بەریتانیا گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە بڕیار ئەمڕۆ لەگەڵ تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا کۆببێتەوە.

خۆپـیشاندانەکە ڕێکخرا لە لایەن کۆمەڵێک لە داکۆکیکارانی ئازادی، لەوانە پەیامنێرانی بێ سنوور و English PEN و Index On Censorship.

ڕێبێکا ڤینسێنت سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە بەریتانیا گوتی جێی شەرمە لێرە لە بەریتانیا فەرشی سوور بۆ پـێشوازیکردن لە ئەردۆغان ڕادەخرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەوەتای ساڵی 2016 وە سەرکوتکردنەکان لە تورکیا دەسـتیانپێکردووە، زیاتر لە 100 ڕۆژنامەوان دەستگیرکراون و 140 دەزگای ڕاگەیاندن داخراون و 800 مۆڵەتی کاری ڕۆژنامەوانی لێسەندراونەتەوە.

پاشان گوتی" دەبێت ئێمە لێرە بۆ حکومەتەکەمانی ڕوونبکەینەوە کە گرنگی بە ئازادیـیە سەرەتایـیەکان دەدەین، ئەو بەهایانەی وڵاتەکەمان لەسەری وەستاوە."

دواتر داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوانە دەسـتگیرکراوەکانی کرد.

چالاکوانانی کورد و لایەنگرانیان ئەوانیش لای خۆیانەوە ناڕەزایـیان دەربڕی و پـۆستەریان بەرزکردەوە کە تیایدا وشەی تێرۆرست لەسەر وێنەی ئەردۆغان نووسرابوو. هەروەها ئاڵای یەپەگە و وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری دەسـتگیرکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بەرزکردەوە و دروشمی دژی ئەردۆغانیان دەگوتەوە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی حکومەتی بەریتانیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی نێوان خانم تێرێزا مەی و ئەردۆغان وتووێژی ڕاشکاوانە لە بارەی مافەکانی مرۆڤ هەیە.

گوتیشی هەمیشە خوازیارن تورکیا پابەندی وابەستەیـیە نێودەوڵەتیـیەکانی ببێت، لەوانە ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیـیە سیاسیـیەکان.

XS
SM
MD
LG