Accessibility links

پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە هێرشێک دەکات بۆ سەر پێشکەشکارێکی ئێرانی لە وڵاتەکەدا


پۆلیسی دژە تیرۆری بەڕیتانیا لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەر پێشکەشکارێکی کەناڵێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەکات کە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی لە لەندەن بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر، ئەمەش لە کاتێکدا نیگەرانیی لەسەر هەڕەشەکان بۆ سەر کەناڵە هەواڵییە فارسییەکە کە لە مێژە ڕەخنە لە حکومەتی ئێران دەگرێت زیاتر بوون.

کەناڵەکە وتی پوریا زیراتی پێشکەشکار لە کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ لە لەندەن دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی چەقۆ دراوە لە قاچی و ئێستا لە نەخۆشخانەیە و باری تەندروستی جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی نیە.

دەزگای پۆلیسی گشتی لەندەن وتی کارەکەی زیراتی لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمدواییانەی سەر ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی لە بەڕیتانیا، وایکردووە لێکۆڵینەوەیەکی دژە تیرۆر ئەنجام بدرێت، سەرەڕای ئەوەی هێشتا پاڵنەری هێرشەکە ڕوون نیە.

فەرماندە دۆمێنیک مێرفی بەرپرسی سەرکردایەتی دژە تیرۆری پۆلیسی گشتی لەندەن لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە کاتێکدا کە هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ هەلومەرجی ئەم ڕووداوە، لێکۆڵەرەوان شوێن چەندین سەرەداو کەوتوون و کاری پێشینەمان لەم کاتەدا هەوڵدان دەبێت بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لە پشت ئەم هێرشەوە بوون."

وتیشی " دەزانم ئەم ڕووداوە نیگەرانی دروست دەکات، بە تایبەتی لە نێو ئەوانەدا کە کاری هاوشێوەیان هەیە و ئەوانەشی سەر بە کۆمەڵگە ئێرانییەکانن."

وتەبێژی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ ئادەم بەیڵی بە بی بی سی وت چەقۆکێشانەکە " زۆر تۆقێنەر بووە "، وتی سەرەڕای ئەوەی پێشتر ڕۆژنامەنووسانی کەناڵەکە هەڕەشەیان لێکراوە، بەڵام ئەمە یەکەمین هێرشی لەم جۆرەیە.

بەرپرسی کاروباری ئێران لە بەڕیتانیا مەهدی حوسەینی مەتین وتی " ڕەتی دەکەینەوە هیچ پەیوەندییەکمان " بە ڕووداوەکەوە هەبووبێت.

پۆلیس دەڵێت چەندین پلانییان پووچەڵ کردووەتەوە بۆ کوشتن یاخود ڕفاندنی ئەو کەسانەی کە لە بەڕیتانیا دەژین و وەکو دوژمنی حکومەتی ئێران سەیر دەکرێن. ئەفسەران لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکاندا کاردەکەن بۆ تێکدانی پلانگێڕییەکان لە داهاتوودا و پاراستنی ئەو کەس و لایەنانەی کە دەکرێنە ئامانج.

لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ بۆ ماوەیەکی کورت پەخشەکانی لە لەندەن ڕاگرت و گواستییەوە بۆ ستۆدیۆکان لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا. ئەوەش دوای " پەرەسەندنی ئەو هەڕەشانەی کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پشتیوانییان لێکراوە." لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا کەناڵەکە کارەکانی لە شوێنێکی نوێ لە لەندەن دەستپێکردەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG