Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەریتانیا داوای سازکردنی هەڵبژاردنی گشتی پـێش وەخت دەکات

  • VOA News

سەرۆک وەزیری بەریتانیا داوادەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە پـێش وەخت ئەنجام‌بدرێت، ئەمەش لە پـێناو بەدەسـتهێنانی شەرعیەتی زیاتر لەم کاتەی وڵاتەکەی لە پـرۆسەی کشانەوەدایە لە یەکێتی ئەوروپا.

خانم تێرێزا مەی ئەمڕۆ سێشەممە لە پاش سێ هەفتە لە دەسـتپـێکردنی پـرۆسەی هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە ڕاگەیاندنێـکی پـێشبینی نەکراودا لە بەردەم ئۆفیسەکەی لە داونینیگ ستریت گوتی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریان داوە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بکرێت لە 8 ی مانگی شەش.

گوتیشی بەریتانیا پـێویستی بە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنەیە لەم کاتەی تاووتوێ بابەتە گرنگەکان دەکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.

ئاژانسی فڕانس پـرێس دەڵێت تێرێزا مەی کە بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێکە سەرۆکایەتی حکومەت دەکات، دەیەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت کە ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکان نیشانی دەدەن جەماوەڕێتی پارتی کرێکارانی ئۆپـۆزسیۆنی سەرەکی دابەزیوە.

لە ئێستادا خانم تێرێزا مەی پـێویستی بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانی وڵاتەکەیەتی تاوەکو داواکەی پەسەندبکرێت.

جێرێمی کۆربین ڕێبەری پارتی کرێکاران خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر بڕیارەکەی خانم مەی دەربڕی و گوتی" پـێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیر دەکەم کە هەل بۆ خەڵکی بەریتانیا دەڕەخسێنێت دەنگ بە حکومەتێک بدەن بەرژەوەندیـیەکانی زۆرینە لە پـێشەوە دابنێت."

جێی ئاماژەیە لە کۆی 650 کورسیـیەکەی پەرلەمانی بەریتانیا، پارتی کۆنەپارێزی سەر بە تێرێزا مەی خاوەنی 330 کورسیـیە و پارتی کرێکارانی جێرێمی کۆربین 229 کورسی هەیە.

پـێشبینی دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمان دەنگ لەسەر داواکەی حکومەت بدات.

پـێشتر لە بەرنامەدا بوو هەڵبژاردنی گشتی لە مانگی پـێنجی ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG