Accessibility links

جۆنسن چاوەڕێی دەنگدانی پەرلەمانی بەڕیتانیا دەکات لەسەر جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا


بەرپرسی هەماهەنگی ئامادەکارییەکان بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا مایکڵ گۆف وتی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بۆریس جۆنسن هەتاوەکو 31 ی مانگی یەک جیابوونەوەکە جێبەجێ دەکات و دواتر تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020 ڕێکەوتنێکی بازرگانی نوێ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا واژۆ دەکات.

جۆنسن و حیزبی پارێزگارانی بەڕیتانیا سەرکەوتنێکی گەورەیان لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی ڕابردووی بەڕیتانیادا بەدەست هێنا و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستهێنایەوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن چەند جارێک بەڵێنی جێبەجێکردنی جیابوونەوەی بەڕیتانیایداوە لە یەکێتی ئەوروپا، بۆیە دەبێت سەرەتا ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات و دواتر کاربکات لەسەر بەڵێنەکانی دیکەی، لەوانەش زیادکردنی بودجەی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی.

گۆف بە کەناڵی سکای نیوزی وت " دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە هەلێکمان لەبەردەستدا دەبێت بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، لە ماوەیەکی کەمیشدا. دواتر سەنگ دەخەینە سەر ئەوەی پێش 31 ی مانگی یەک جێبەجێ بکرێت."

هەروەها سەبارەت بە ڕێکەوتنی بازرگانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا گۆف وتی " ساڵی داهاتوو ئەو ڕێکەوتنەش واژۆ دەکرێت. لە بارودۆخێکدا دەبین کە تیایدا ڕێگەمان دەدات پێش 31 ی مانگی یەک لە یەکێتیەکە جیاببینەوە و دانوستانەکانمان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە چوارچێوەیەکی نوێ بۆ بازرگانی سەربەخۆ و هاریکاری لە نێوانماندا کۆتای پێدەهێنین. ئەمەش تاوەکو کۆتای ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG