Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا پەیوەندی بە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپاوە دەکات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی دواتری جیابوونەوەکە


وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی جۆنسن لەگەڵ ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپادا قسە دەکات بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی دواتریان سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی بەڕیتانیا کاتی جیابوونەوەکەی ڕەت کردەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا جۆنسن وتی دەستبەرداری هەوڵەکانی دەبێت بۆ ڕازیکردنی پەرلەمان لەسەر ڕێکەوتنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و لەجیاتی ئەوە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات ئەگەر پەرلەمانی بەڕیتانیا کاتی جیابوونەوەکە ڕەت بکەنەوە.

دوای دەنگدانەکە جۆنسن وتی ئەم پڕۆسەیە ڕادەگرێت تاوەکو هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە دواخستنی کاتی جیابوونەوەکە بزانێت.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک وتی پێویستە بەجددی مامەڵە لەگەڵ داواکەی بەڕیتانیادا بکرێت بۆ درێژکردنەوەی کاتی جیابوونەوەکە و یەکێتیەکە هێشتا بڕیارێکی نەداوە بەڕیتانیا ناچار بکات بەبێ ڕێكەوتن جیاببێتەوە.

تۆسک وتی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی داواکەی بەڕیتانیا دەکات بۆ دواخستنی کاتی جیابوونەوەکە بۆ دوای 31 ی مانگی 10 و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری لەسەر دەدرێت.

وتیشی " جیابوونەوەی بەڕیتانیا بەبێ ڕێكەوتن هەرگیز بژاردەی ئێمە نابێت."

جێی ئاماژەیە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی نوێ بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە، بەڵام لە دەنگدانێکدا پەرلەمانی بەڕیتانیا ڕێکەوتنەکەی ڕەت کردەوە و بەپێی یاسایەک بۆریس جۆنسنیان ناچار کرد داوای دواخستنی کاتی جیابوونەوەکە بکات لە یەکێتی ئەوروپا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG