Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا: جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن " خۆکوشتنێکی سیاسییە "


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێمی هەنت وتی هەوڵدان بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک لەڕێی هەڵبژاردنە گشتیەکانەوە " خۆکوشتنێکی سیاسییە "، وتیشی ئەگەر شوێنی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بگرێتەوە ئەوا هەوڵدەدات کاتی زیاتری دەست بکەوێت.

هەروەها وتیشی بەڵێنی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە کاتە دیاریکراوەکەدا بە ڕێکەوتن بێت یاخود بەبێ ڕێکەوتن ڕووبەڕووی ڕەت کردنەوە دەبێتەوە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە کە دژایەتی جیابوونەوە دەکەن بەبێ ڕێکەوتن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی.

هەنت لە ڕۆژنامەی دەیلی تەلیگراف نوسیویەتی " هەوڵدان بۆ جیابوونەوە بەبێ ڕێکەوتن و لەڕێی هەڵبژاردنە گشتیەکانەوە چارەسەر نیە و بەڵکو خۆکوشتنێکی سیاسیە."

وتیشی " لەبەر ئەوە تەنها چارەسەر ڕێکەوتنێکی جیاوازە، ئەوەش ئەوەیە کە من هەوڵی بۆ دەدەم ئەگەر ببمە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا."

جێی ئاماژەیە هەنت یەکێکە لەو 10 ئەندامەی پەرلەمان لە حیزبەکەی مەی کە خۆیان کاندید کردووە شوێنی مەی بگرنەوە.

هەنت ئاماژەی بەوەدا بەڕیتانیا پێویستی بە ڕێکەوتنێکی نوێ و تیمێکی نوێ هەیە بۆ دانوستانەکان کە هەریەک لە ئەندامانی حیزبە جیاوازەکانی تێدا بێت.

لەلایەکی دیکەوە بۆریس جۆنس کە دیارترین کاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی مەی، وتی بەڕیتانیا پێویستە هەتاوەکو 31 ی مانگی 10 بە ڕێکەوتن بێت یاخود بێ ڕێکەوتن، دەبێت لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG