Accessibility links

سوپای بەڕیتانیا خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕۆژی هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا


بەڕیتانیا سوپاکەی خستە ئامادەباشییەوە وەکو خۆ ئامادەکردنێک بۆ ئەو بارە نائاساییەی کە لەوانەیە وڵاتەکە پێیدا تێپەڕ ببێت ئەگەر هاتوو بەڕیتانیا بە بێ گەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک لە یەکێتی ئەوروپا بکشێتەوە.

بەپێی ڕۆژنامەی سەندەی تایمز، سوپای بەڕیتانیا هەوڵدەدات یارمەتی بەرپرسانی مەدەنی بدات بۆ دابینکردن و گەیاندنی خۆراک و سوتەمەنی بۆ دانیشتوانی بەڕیتانیا، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر ئەوە ڕووبدات و وڵاتەکە کەموکورتی هەبێت لەو پێداویستیانەدا.

وا بڕیارە لە 29ی مانگی سێی 2019 دا بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە، واپێشبینی دەکرێت بەڕێوبەرایەتییەکی زۆر لە بەڕیتانیا ڕووبەڕووی ڕووخانی باری ئابووری ببنەوە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر بەڕیتانیا بەبێ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لە یەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا کە دانوستانەکان بەباشی بەڕێوە ناچن.

ئەگەر بێتوو بەرواری هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دیاری بکرێت بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپادا لەسەر ستراتیژیی بازرگانی و بەڕێوبەرایەتی سنوورەکان و کەلوپەلەکانی نێوانیان، ئەوا یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی دەچنە بواری جێەجێکردنەوە، ئەمەش وا دەکات پێداویستی خۆراک و تەندروستی و پێداویستییەکانی دیکە درەنگ بگەنە بەڕیتانیا، ئەوەش دەبێتە هۆی کومبوونەوەی ئەو پێداویستیانە لە ناو بەڕیتانیادا.

ڕۆژنامەکە وتی لەوانەیە لە ماوەی چەند ڕۆژێک دوای هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دوکانەکانی خواردن و نەخۆشخانەکان ئەو پێداویستییە سەرەکیانەیان تێدا نەمێنێت، لەوانەش خۆراک و دەرمان.

لەو کاتەدا حکومەتی بەڕیتانیا فڕۆکە و بارهەڵگرە سەربازییەکان بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی پێداویستیە سەرەکییەکان بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە پێویستیانە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەشی بەوەدا بەرپرسانی حکومەتی بەڕیتانیا دەستیان کردووە بە ئەرکی " پلاندانان بۆ باری نائاسایی " لە بەندەری شارۆ دۆڤەر، کە نزیکترین خاڵی سنووری بەڕیتانیایە لە فەڕەنساوە، وا پێشبینی دەکرێت ئەو بەندەرە دوای کشانەوەکە بەتەواوەتی باری ئابووری بڕوخێت.

سەرچاوە/ سکای نیوز

XS
SM
MD
LG