Accessibility links

بەڕیتانیا کاردەکات بۆ دابینکردنی پشتیوانی زیاتر بۆ ئۆکرانیا


وتەبێژی حکومەتی بەڕیتانیا ڕایگەیاند لەنێوەندی زیادبوونی ئەگەری هێرشی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا، وڵاتەکە کار لەسەر دابینکردنی کۆمەڵێک پشتیوانی سەربازیی و ئابووری دەکات بۆ ئۆکرانیا.

دواتر لەم هەفتەیەدا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن گەشتێک بۆ ئەوروپا ئەنجام دەدات و مەبەست لە گەشتەکەشی دروستکردنی پشتیوانییەکە بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان لەگەڵ ڕووسیادا. سەرەڕای ئەوەی هیچ وردەکارییەک ئاشکرا نەکراوە لەسەر ئەوەی جۆنسن سەردانی کوێ دەکات، ئۆفیسەکەی وتی جۆنسن دەیەوێت زیاتر پەیوەندی بە وڵاتانی نۆرد و باڵتیکەوە بکات.

وتەبێژەکە وتی " قەیرانەکانی سەر سنووری ئۆکرانیا گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیار. سەرجەم ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە پێشنیاری ئەوە دەکەن ڕووسیا لەوانەیە لە هەر ساتێکدا بێت هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا."

ئەمەریکا و بەڕیتانیا وتیان پێدەچێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن پێش کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین فەرمانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بدات. ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە ئەمنییەکان کە ڕووبەڕووی ئەوروپا بۆتەوە.

وتەبێژەکە وتی جۆنسن لەگەڵ هاوپەیماناندا کاردەکات بۆ دابینکردنی کۆمەڵێک پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاشکرا دەکرێن.

جێی ئاماژەیە پێشتر بەڕیتانیا موشەکی دژە تانکی داوە بە ئۆکرانیا و سەربازەکانی بە مەبەستی پێدانی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا بەڕیتانیا فەرمانیکرد ئەو هێزانە ئۆکرانیا جێبهێڵن.

وتەبێژەکە وتی " هێشتا دەرفەت ماوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دیبلۆماسیەت، سەرۆک وەزیریش بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا تاوەکو ڕووسیا ناچار بکەین لەسەر لێواری جەنگ بکشێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG