Accessibility links

پۆلیسی بەریتانیا : لە ئەنجامی تەقینەوە لە هۆڵی مانچستەر ئارینا 19 کەس گیانیان لەدەستداوە

  • VOA News

پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت لە ئەنجامی تەقینەوە لە هۆڵی مانچستەر ئارینا لە ئاهەنگێکی مۆسیقای گەورەدا لە شاری مانچستەر 19 کەس گیانیان لە دەستداوە و نزیکەی 50 کەسی دیکە برینداربوون.

دەزگای هەواڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە پۆلیسی مانچستەر داوای لە هاوڵاتییان کردووە دووربکەونەوە لە هۆڵی ئاهەنگەکە دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە درا کە تەقینەوە ڕوویداوە لە شوێنەکەدا. هەرچەندە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پـۆلیس باس لەوە ناکات تەقینەوەکە تێرۆرستی بووە یان نا، بەڵام دەڵێت وەکو هێرشێکی تێرۆرستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

گەواهیدەرەکان دەڵێن گوێیان لە بەلایەنی کەمەوە دوو تەقینەوە بووە ئەوەش لە میانەی ئاهەنگێکی مۆسیقای گەورە لە ناو هۆڵەکەدا.

هەروەها گەواهیدەرەکان باس لەوە دەکەن گوێیان لە دەنگی تەقە بووە و گومانی ئەوەش دەکرێت کە دەنگی بڵندگۆکانی هۆڵی ئاهەنگەکە بووبێت و هەروەها گەواهیدەرەکان وتیشیان هەندێک لە ئامادەبووانیان بینیوە گیانیان خوێناوی بووە.

دەیان ئەمبوڵانس و ئوتومبێلی پـۆلیس بەرەو شوێنەکە چوون بۆ گەیاندنی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بریندارەکان.

هەروەها لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت ئامادەبووانی ئاهەنگەکە شوێنەکە بە هاوار و ڕاکردنەوە بەجێ دەهێڵن.

بەپێی سەرچاوەکان شوێنەکانی دەوروبەری هۆڵەکە داخراون و هێڵەکانی شەمەندەفەریش لە وێستگەی ڤیکتۆریا مانچستەر ئەوانیش داخراون و چۆڵکراون.

پۆلیسی مانچستەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە هەژماری خۆی بڵاویکردەوە و وتی " ڕووداوێکی مەترسیدار " لە هۆڵێکی ئاهەنگی گۆرانیبێژ ئاریانا گراندی لە مانچستەر ڕوویداوە.

XS
SM
MD
LG