Accessibility links

ئۆگەندا: چەکدارانی سەر بە داعش لە هێرشێکدا بۆ سەر قوتابخانەیەک 25 کەس دەکوژن


پۆلیسی ئۆگەندا دەڵێت لە هێرشێکی چەکدارانی سەر بە ڕێکخراوی داعشدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی ڕۆژئاوای وڵاتەکە 25 کەسییان کوشت و چەندین کەسی دیکەیان ڕفاندووە.

وتەبێژی بەرگری ئۆگەندا فێلیکس کولایگی وتی " هێزەکانمان بە شوێن دوژمنەوەن بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی کە ڕفێندراون و لە ناوبردنی ئەم گروپە."

بەرپرسانی ئۆگەندا ئاماژەیان بەوە نەدا چەند کەس لەلایەن هێرشبەرەکانەوە ڕفێندراون، چەکدارەکان ئەندامی گروپی هێزە هاوپەیمانەکانی دیموکراتەکانن کە پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێکخراوی داعش ڕاگەیاندووە.

پۆلیس وتی هێرشبەرەکان هێرشییان کردۆتە سەر قوتابخانەی ناوەندی لوبیریرا لە شارۆچکەی پۆدوی ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

وتیشی " تاوەکو ئێستا 25 تەرم لە قوتابخانەکە دۆزراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بوێرا، هەشت برینداری دیکەش هەبوون کە لە بارودۆخێکی سەختدان."

پۆلیس ئاماژەی بەوە نەدا چەند کەس لە کوژراوەکان قوتابی بوون.

ئەوەشی خستەڕوو هێرشبەرەکان بەرەو پارکی نیشتیمانی ڤیرونگای کۆنگۆ هەڵاتوون، قوتابخانەکە دەکەوێتە سەر سنووری کۆماری کۆنگۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG