Accessibility links

باڵیۆزی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی بۆ یەکەمین جار دوای شەش ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئێران


میرنشینە یەکگرتوەەکانی عەرەب ڕایگەیاند باڵیۆزی وڵاتەکە بۆ ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کارەکانی لە تاران دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش شەش ساڵ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی میرنشینەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند باڵیۆز سەیف موحەمەد ئەل زابی " لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کارەکانی لە باڵیۆزخانەی ئیماڕات لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێدەکاتەوە، ئەوەش لە پێناو یارمەتیدان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا."

گوتیشی " ئەم هەنگاوە ئامانج لێی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو وڵاتەکە و ناوچەکەشە."

لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئیماڕات ئەنوەر قەرقاش داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەی کرد و هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری گەڕانەوەی باڵیۆزەکەدا.

دوای ئەوەی سعودیە مەلا نەمر ئەل نەمری شیعەکانی لە سێدارەدا، لە ساڵی 2016 دا خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان هێرشییان کردە سەر نێردە دیبلۆماتییەکانی سعودیە لە ئێران، ئیماڕاتیش پشتیوانی خۆی بۆ سعودیە دەربڕی و ئەوەش بووە هۆی کەمکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ تاراندا.

وڵاتانی دیکەی کەنداو بە کوەیتیشەوە هەنگاوی هاوشێوەیان گرتەبەر.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئێران گوتی کوەیت دوای شەش ساڵ بۆ یەکەمین جار باڵیۆزەکەی ڕەوانەی تاران کردۆتەوە.

دەزگای هەواڵی ئیماڕات لە مانگی حەوتدا بڵاویکردەوە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئیماڕات پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامداوە و تیایدا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردووە.

ئیماڕات پێشتر وتوویەتی دەبێت وڵاتانی کەنداو بەشداری لە " دیبلۆماسییەکی بە کۆمەڵدا " بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێراندا. لە کاتێکدا کە ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە گفتوگۆدایە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015.

لە ساڵی 2020 دا ئیماڕات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردنەوە، تارانیش سەرکۆنەی ئەو کارەی ئیماڕاتی کرد.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG