Accessibility links

سەرچاوەکان: ئیماڕات گرێبەستێکی کڕینی 50 فڕۆکەی ئێف 35 و 18 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی واژۆ کردووە


ئێف 35
ئێف 35

کۆمەڵێک سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند ئیماڕات گرێبەستێکی لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆ کردووە بۆ کڕینی 50 فڕۆکەی جۆری ئیف 35 و نزیکەی 18 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا و ئیماڕات پێش دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کاریان لەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە دەکرد، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا وتی چاو بە ڕێکەوتنەکاندا دەخشێنێتەوە.

ئیماڕات بە یەکێک لە متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی ئەمەریکا دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەم دواییانەدا ئیماڕات گرنگی بە فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا ئێف 35 داوە کە کۆمپانیای لۆکهید مارتن بەرهەمی دەهێنێت، دوای ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا، بەڵێنی پێدرا فڕۆکەکەی پێبفرۆشرێت.

هێشتا هیچ کام لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزخانەی ئیماڕات لە واشنتن لێدوانیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەدا کاتژمێرێک بەر لە سوێندخواردنی جۆو بایدن ڕێکەوتنەکە واژۆ کراوە.

سەرچاوەکان وتیان هەفتەیەک لەمەوبەر گرێبەستەکە ئامادەکراوە و هەردوو وڵات ویستوویانە مانگی دوانزە ڕێکەوتنەکە واژۆ بکەن، بەڵام کاتی ڕادەستکردنی فڕۆکەکان و خەرجییەکەی و تەکنەلۆجیای فڕۆکەکە و مەشق و بابەتەکانی دیکە دانوستانەکانی نێوانیانی درێژکردۆتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەشیان بەوەدا ئیماڕات گرێبەستێکی دیکەشی بۆ کڕینی 18 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە ئەمەریکا واژۆکردووە، ئەمەش دووەمین گەورەترین گرێبەستە کە ئەمەریکا لەگەڵ تەنها یەک وڵاتدا واژۆی بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG