Accessibility links

ئیمارات دەڵێت فڕۆکەی جەنگی قەتەر ڕێگەیان بە فڕۆکەیەکی سیڤیلی وڵاتەکەی گرتووە


ئیماراتی عەرەبی دەڵێت فڕۆکەی جەنگی وڵاتی قەتەر ڕێگەیان بە فڕۆکەیەکی سیڤیلی وڵاتەکەی گرتووە لەو کاتەی بەرەو مەنامەی پایتەختی بەحرەین دەچوو، بەڵام قەتەر ئەم ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە.

دەزگای ڕێکخستنی هاتوچۆی فڕۆکەوانی سیڤیلی لە ئیمارات ڕایگەیاند بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەو کاتەی فڕۆکەیەکی سیڤیلی ئیمارات بە ڕێڕەویی ئاسایی خۆی بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەنامە دەچوو، فڕۆکەی جەنگی قەتەر ڕێگەیان پـێگرتووە.

گوتیشی ئەم ڕەفتارە مەترسی بۆ سەر سەلامەتی فڕۆکەوانی سیڤیلی دروستدەکات و هەروەها پـێشێلکردنی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیـیەکانە.

بەڵام دەزگاکە هیچ زانیاری لە بارەی جۆری فڕۆکەکە و ئەو کۆمپانیایەی خاوەنێیەتی بڵاونەکردووەتەوە.

قەتەر لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە ڕووداوێکی وەها بووبێت. خانم لولوە ئەلخاتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەسەر تویتەری خۆی نووسیویەتی " دەوڵەتی قەتەر ڕایدەگەیەنێت لە بارەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن فڕۆکەی جەنگی قەتەر ڕێگەی لە فڕۆکەیەکی سیڤیلی ئیمارات گرتووە، بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیـن، وە لەم بارەیەوە بەیانـنامەیەکی تێروتەسەل بڵاودەکرێتەوە."

ئەم ڕووداوەی ئەمڕۆ پاش ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە قەتەر سکاڵای لە دژی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرد و تیایدا دەڵێت لە 3 ی ئەم مانگە فڕۆکەی لەشکری ئیمارات ئاسمانی وڵاتەکەی پـێشێلکردووە کاتێک بەرەو مەنامە ڕۆیشتبوو. هەروەها لە 21 ی مانگی دوازدەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جەنگی ئیمارات ئاسمانی قەتەری بەزاندبوو.

XS
SM
MD
LG