Accessibility links

کاربەدەستێکی ئیمارات دەڵێت دەبێت پارێزگاری لە کوردانی سوریا بکرێت


کاربەدەستێکی ئیمارات دەڵێت وڵاتەکەی هاوسۆزیـیەکی زۆری لەگەڵ کوردەکاندا هەیە کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی دژی داعش بینیوە و قوربانیـیەکی زۆریان لەو پـێناوەدا داوە چ لە عێراق یان لە سوریا.

ئەنوەر قەرقاش وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە، لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلحوڕە گوتیشی وڵاتەکەی بە ئاشکرایی لەگەڵ ئەوەدایە کوردەکان بپارێزرێن لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا.

نیگەرانی وڵاتەکەشی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەی کاربەدەستانی تورکیا سەبارەت بە کوردانی سوریا دەیدەن و گوتی ئیمارات و ئەمەریکاش ئەو هەڕەشانەی تورکیا بە مەترسـیەکی ڕاستەقینە دادەنێن.

لە بارەی ئەو ناوچە ئارامەی تورکیا دەخوازێت لە باکوری سوریا دایبمەزرێنێت، قەرقاش گوتی هەموو دەستێوەردانێکی نا عەرەبی لە خاکێکی عەرەبیدا بە نەرێنی لێی دەڕوانن. گوتیشی ئەوە هەڵوێستیانە لە بەرامبەر بوونی هێزی تورکی لە باکوری عێراق و سوریا و هەروەها بوونی هێزی ئێرانیش لە عێراق و سوریا.

قەرقاش جەختی کردەوە کە لە ئایندەدا وڵاتەکەی لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەشداری دەکات لە بنیادنانەوەی سوریا، بەڵام لە سەرەتادا دەبێت چارەسەری سیاسی لەو وڵاتە بێتەدی.

XS
SM
MD
LG