ڕۆژنامەیەکی بنکە لە ئەبو زەبی دەڵێت وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە گوتویەتی ستراتیژیەتی بایکۆتکردنی ئیسرائیل لە لایەن وڵاتانی عەرەبەوە هەوڵەکانی گەیشتن بە چارەسەر بۆ کێشەی عەرەب- ئیسرائیلی ئاڵۆزکردووە، بۆیە پـێویستە ئەو ستراتیژیـیە بگۆڕدرێت.
ڕۆژنامەی The National چاوپـێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنوەر قەرقاش ئەنجامداوە و دەڵێت ئەم کاربەدەستەی ئیمارات گوتویەتی بایکۆتکردنی ئیسرائیل بۆ دەیان ساڵ بڕیارێکی زۆر هەڵە بووە و هیچ لە قازانجی فەڵستینیـیەکان نەبووە.
قەرقاش جەختی کردووەتەوە کە گرنگە کەناڵی وتووێژ لەگەڵ ئیسرائیدا بکرێتەوە سەرەڕای هەبوونی کێشەی سیاسی لەگەڵیدا.
گوتوشیەتی دەبێت پەیوەندیـیەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بە شێوەیەک بن سەنگی بخەنە سەر بەرەوپـێشچوون لە پـرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیـنیەکاندا.
جێی ئاماژەیە ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبیـیانەی ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ گرت لە بارەی سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزایـیەکانی گۆلاندا.