Accessibility links

ئیماڕات دەڵێت ئامادەیە کاربکات لەپێناو ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان


شازادەی جێنشینی ئیماڕات شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان لە لێدوانێکدا کە دەزگا فەڕمییەکانی ڕاگەیاندن بڵاوییان کردۆتەوە دەڵێت ئیماڕات ئامادەیە کارئاسانی بکات بۆ هەوڵەکانی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان.

شازادەی جێنشینی ئیماڕات لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی میسڕ عەبدولفەتاح سیسیدا ئەم لێدوانەیداوە. لەلای خۆیەوە میسڕ بە پشتیوانی ئەمەریکا نێوەندگری کرد لە گەیشتن بە ئاگربەستی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلدا.

دەزگای هەواڵی ئیماڕات لەزاری شێخ محەمەدەوە بڵاویکردەوە" ئیماڕات ئامادەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا کاربکات بۆ پاراستنی ئاگربەست و دۆزینەوەی کۆمەڵێک ئاڕاستەی نوێ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و خستنەوەی ئاشتی."

بەڵام شازادەی جێنشین جەختی لەوە کردەوە " پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بەتایبەتی لەلایەن ڕابەرانی ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکانەوە."

جێی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو ئیماڕات و ئیسڕائیل ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان واژۆکرد. فەڵەستینیەکان ئەو ڕێکەوتنانەیان بە " ناپاکیکردن لە پرسی فەڵەستینیەکان " ناودێرکرد، بەڵام ئیماڕات وتی ڕێکەوتنەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە کۆتاییدا سوودی بۆ فەڵەستینیەکان دەبێت.

نوێنەری ئیماڕات لە ئەمەریکا یوسف عەتیبە مانگی ڕابردوو وتی دامەزراندنی پەیوەندی فەڕمی بەپێی ڕێکەوتنەکان ڕێگە بە ئیماڕات دەدات ڕۆڵێکی دیبلۆماسی ببینێت لە ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG