Accessibility links

بەرپرسێکی ئیماڕات: وڵاتەکە بەتەواوەتی پابەندە بە سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران


دوبەی، ئیماڕات
دوبەی، ئیماڕات

بەرپرسێکی وەزارەتی ئابووری ئیماڕات وتی وڵاتەکەی بەتەواوەتی پابەندە بە سزا سەپێندراوەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سزاکان بازرگانی ئیماڕات لەگەڵ ئێراندا بۆ دواوە دەبات.

ئەبوزەبی هەڵوێستێکی توندی گرتۆتەبەر بەرامبەر تاران سەرەڕای ئەوەی دوبەی سەنتەرێکی بازرگانیی وڵاتەکەیە و هاوبەشێکی بازرگانیی سەرەکیی ئێران بووە.

بریکاری وەزارەتی ئابووری بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و پیشەسازی عەبدوڵا ئال ساڵح لە چاوپێکەوتنێکدا لە دوبەی وتی " ئێمە سزاکان جێبەجێ دەکەین."

وتیشی ئیماڕات سیستمی سزاکانی ئەمەریکا وەکو خۆی جێبەجێ دەکات و کاربەدەستانی پەیوەست بەو بابەتەوە پابەند دەبن پێوەی.

ئال ساڵح وتی وا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو بازرگانی نێوان ئیماڕات و ئێران کەم ببێتەوە بەهۆی سزاکانەوە دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 دا بەبڕی 17 ملیار دۆلار دابەزی و لە ساڵی 2013 دا بازرگانی نێوان دوو وڵاتەکە گەیشتە 20 ملیار دۆلار.

زۆربەی بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دووبارە هەناردەکردنەوەیە لەڕێی دوبەیەوە کە دەکەوێتە ئەوبەری کەنداوەوە. سزاکانیش بەشێکە لەو هەوڵانەی ئەمەریکا دەیدات بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە ئیماڕات یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کەنداودا و بە توندی دژی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێرانە و بەخێرایی پشتیوانیان لە بڕیارەکەی واشنتن کرد. هەروەها ئیماڕات ئەندامێکیشە لە هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە دژی حوثییەکانی یەمەن کە سەر بە ئێرانن دەجەنگن.

ئال ساڵح وتی پابەندبوونمان بە سزاکانی ئەمەریکاوە مانای ئەوەیە کە کۆمپانیا ئیماڕاتییەکان لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی کێشە نەبنەوە و حکومەتی ئیماڕات هەوڵدەدات بازرگانی لەگەڵ بازارەکانی دیکەی وەکو ئەفریقا و ئاسیا زیاتر بکات بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بەریکەوتووە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ هەڕەشەی لەو کۆمپانیا بیانیانە کردووە کە دوای سزاکانی ئەمەریکا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن و دەڵێت ڕێگە نادەین لە ئەمەریکا کار بکەن، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگەیداوە بە هەشت وڵات نەوتی ئێران هاوردە بکەن بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی نرخی نەوت.

یەکێتی ئەوروپا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا کە هەوڵدەدەن ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕزگار بکەن دەڵێن بەداخەوەن بۆ سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و کار دەکەن بۆ پاراستنی کۆمپانیا ئەوروپییەکان کە کاری یاسایی لە تاران ئەنجام دەدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG