Accessibility links

ئیماڕات و ئەمەریکا بەرپەرچی موشەکێکی حوسییەکان دەدەنەوە


بەرپرسانی ئیماڕات دەڵێن هێزەکانی ئیماڕات و ئەمەریکا لە ئاسمانی ئەبوزەبیدا بەرپەرچی دوو موشەکی باڵیستیکی حوسییەکانیان داوەتەوە، لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەمین هێرشی حوسییەکانە بۆ سەر پایتەختی ئیماڕات.

هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی ئەل زەفرە لە ئەبوزەبی بە هەڵدانی موشەکی پاتریۆت وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.

هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیماڕات لەڕووی پارێزراویی کارکردن و گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتەوە ئیماڕات دەخاتە مەترسییەوە، ماوەی چەند ساڵێکە ئیماڕات بووەتە شوێنێکی پارێزراو بۆ کارکردن و ئەم هێرشانەش مەترسین بۆ سەر پارێزراوی وڵاتەکە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە کە وادەردەکەوێت موشەکەکانی ئیماڕات و ئەمەریکا بن لە ئاسمانی ئەبوزەبیدا بەرپەرچی موشەکەکانی حوسییەکان دەدەنەوە، دواتر دەنگی دوو تەقینەوە لە سەرانسەری شارەکەدا بیستراوە.

دەزگای هەواڵی وامی ئیماڕات ئاماژەی بەوەدا پارچەکانی موشەکەکە کاتێک کەوتونەتە خوارەوە هیچ زیانێکیان لێنەکەوتۆتەوە. دەزگاکە لە زاری وەزارەتی بەرگری ئیماڕاتەوە بڵاویکردەوە " ئیماڕات ئامادەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکدا و هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ پاراستنی وڵاتەکە لە سەرجەم هێرشەکان."

بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات دانی بەوەدانا کە ئەگەر موشەکە پاتریۆتەکانی ئەمەریکا نەبوونایە موشەکەکەی حوسییەکان ئامانجەکەی لە ئەبوزەبی دەپێکا.

وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن یەحیا ساری بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند، وتی لەڕێی موشەکی زولفیقاری باڵیستیکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیانەوە کۆمەڵێک شوێنیان لە ئیماڕات کردۆتە ئامانج، لەوانەش بنکەی ئاسمانی ئەل زەفرە. هۆشداریشیدا و وتی " تاوەکو هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی یەمەن بەردەوام بن ئەوا بەردەوام دەبین لە بە ئامانجکردنی ئیماڕات."

وتیشی " هۆشداری دەدەینە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانیەکان ئیماڕات جێبهێڵن، ئەو وڵاتە چیتر پارێزراو نیە."

جێی ئاماژەیە سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەکی سەربازیی دەکات دژی حوسییەکانی یەمەن، هەریەک لە ئیماڕات و میسڕ و بەحرەین ئەندامن لە هاوپەیمانێتیەکەدا و پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکەن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانی پێدانراوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG