Accessibility links

سەرۆک ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکور کۆدەبنەوە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی دیکە و لە پاش هەشت مانگ لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور کۆبۆوە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ دەستبەرداربوونی پـیۆنگیانگ لە چەکی ناوکی.

سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە هوتێل سۆفیتێل میترۆپۆل لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام و سەرەتا بە گەرمی تەوقیان لەگەڵ یەکتردا کرد و پاشان لە بەردەم میدیاکان ستایشی هەوڵەکانی یەکتریان کرد بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت.

سەرۆک ترامپ گوتی" جێی شەرەفێکی گەورەیە لەگەڵ ڕێبەر کیم بم، جێی شەرەفە پـێکەوە لە ڤێتنام بین."

پاشان ڕووی دەمی کردە ڕێبەری کۆریای باکور و گوتی" لەو بڕوایەدام ئایندەیەکی گەش بۆ وڵاتەکەت بەدی دەهێنیت. تۆ ڕێبەرێکی مەزنی... ئێمە لەمەدا یارمەتیدار دەبین."

ڕێبەری کۆریای باکوریش لای خۆیەوە جەختی کردەوە کە کۆبوونەوەکەیان ئەنجامی ئەرێنی دەبێت و گوتی" دڵنیام ئەم جارە بە ئەنجامێکی باش دەگەین کە جێی خۆشحاڵی هەموو لایەک بێت."

گوتیشی هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە.

XS
SM
MD
LG