نوێنەری بەلجیکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئێستادا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، دەڵێت چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لە بارەی ڕەوشی ئیدلیب ئەنجام بدات.
مارک پـێکستین ئەمڕۆ هەینی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەوانانی گوت"پـێشبینی دەکەین لە هەر ساتێکدا داوامان لێبکرێت دانیشتنێکی بە پەلە ئەنجام بدەین لەبارەی دۆخەکە لە ئیدلیب."
گوتیشی ڕەنگە لە دەوروبەری 4 ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی نیویۆرک کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.
هەتا ئێستا هەریەک لە ئەڵمانیا و ئستۆنیا و فەڕەنسا و دۆمینیکان و بەریتانیا و ئەمەریکا داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەیان کردووە.
ئەم داوایە پاش ئەوە دێت کە دوێنێ پـێنجشەممە بە دەیان سەربازی تورک لە ناو خاکی سوریا لە پارێزگای ئیدلیب بە هێرشی ئاسمانی و تۆپـباران کوژران.