Accessibility links

دوو سیناتۆری ئەمەریکا داوای بەشداری زیاتری ئەمەریکا دەکەن لە هەرێمی کوردستانی عێراق


سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بۆب مێنیندێز
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بۆب مێنیندێز

دوو سیناتۆری ئەمەریکا جیم ڕیش و بۆب مێنیندێزی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکەن لەڕێی پاراستنی ' دەستڕاگەیشتن بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە " بەشداری بکەن لە بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا.

لە نامەیەکی نوێدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، یاسادانەرە ئەمەریکاییەکان نەک تەنها تیشکیان خستەسەر دەرەنجامە نەرێنییەکانی هێرشی گروپە چەکدارییەکان بریکارەکان و کێشە دەستوورییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بەڵکو جەختیان لە کاریگەریی کێشە دەستوورییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە سەبارەت سەرچاوە سروشتییەکان لەسەر وەبەرهێنانی بیانی.

یاسادانەرەکان لە نامەکەیاندا بۆ بلینکن نوسیوویانە " داواتان لێدەکەین دەستبەجێ گفتوگۆی ئاست بەرز لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی عێراقدا ئەنجام بدەن تاوەکو سەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستانی عێراق بپارێزن. هیوادارین چارەسەرێک بدۆزینەوە کە تیایدا دڵنیا ببینەوە لەوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ئەرکەکانیان بپارێزین بەشێوەیەک کە لەگەڵ یاساکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی فیدڕاڵی عێراقدا بگونجێت، هاوکات هەوڵی چارەسەرێکی درێژخایەن بدرێت بۆ فەرمانی دادگا و کێشە دەستوورییە بەرفراوانەکان. بەڕێوبەرایەتییەکە دەبێت هەوڵی ئەوە بدات سوود لە کۆبوونەوەکەی ئەمدواییەی نێوان سەرۆک و سەرۆک وەزیر کازمی وەربگرێت و گفتوگۆ بەردەوامەکانی بپارێزێت، تەنانەت لەکاتێکیشدا کە پێکهێنانی حکومەتیش دوادەکەوێت.

دەقی نامەکەی مێنێندێز و ڕیش بۆ بلینکن:

لەم نامەیەدا نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە کێشە دەستوورییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەرچاوە سروشتییەکان کە گەشەسەندنی ئابووری عێراق یەکلایی دەکەنەوە. هەروەها نیگەرانیشین سەبارەت بە هەواڵەکانی ئەم دواییانەی بڕیارەکانی دادگا، لەوانەش بڕیارەکەی ئەمدواییانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە یاسای ژمارە 22 ی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بەدیاریکراوی دژی کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکان کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن. هەروەها نیگەرانیشین سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمدواییانەی گروپە چەکدارییە بریکارەکان و ئێران دژی ژێرخانی وزە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە باکووری عێراق، لەکاتێکدا کە ئێران بەردەوامە لە دەستوەردان لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و کاروباری سیاسیی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.

بەپەلە داوا لە بەڕێوبەرایەتییەکە دەکەین گفتوگۆی ئاست بەرز لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا بکات تاوەکو ڕێگە بدات بە بەردەوامبوونی کارەکانی وزە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە تەواوکەری سەقامگیری و خۆشگوزەرانییە، هەروەها بۆ فراوانکردنی سەربەخۆیی وزەی عێراق. ئەمەریکا و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان گرنگ بوون بۆ گەشەکردنی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستانی عێراق و یارمەتیدەر بوون لە هەوڵەکاندا بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی وزەی ئێران لەلایەن عێراقەوە. لەو بارەیەوە کۆمپانیای گەشەپێدانی دارایی ئەمەریکا زیاتر لە 300,000,000 دۆلاری وەکو قەرز درێژکردۆتەوە بۆ ئەو کۆمپانیا وزانەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن.

ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵا لەسەر هەندێک لە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی عێراق، پێکەوە زیان بە زیندەگی ئابووری عێراق دەگەیەنن. لەگەڵ ئەوەشدا، کارەکانی دادگا و ئەو هێرشانەی کە بە سپۆنسەری ئێران ئەنجام دەدرێن بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکەنە سەر وەبەرهێنانە بیانییەکان و توانای عێراق بۆ سەربەخۆ بوون لە سەرچاوەی وزەی ئێران. هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا، وادەردەکەوێت ئێران دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت بۆ فشار خستنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاتیش کێبڕکێکان لە کەرتی وزەدا سنووردار دەکات. ئێمە بەتایبەتی نیگەرانین سەبارەت بە زیندەگی قەرزەکانی کۆمپانیای گەشەپێدانی دارایی ئەمەریکا لەنێوەندی بڕیارەکەی دادگای باڵا و هێرشە موشەکییەکانی ئەمدواییانەدا، کە دوو هێرشیان ژێرخانێکی وەبەرهێنانێکی 250 ملیۆن دۆلاریی کۆمپانیای گەشەپێدانی دارایی ئەمەریکایان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر کردە ئامانج.

ڕێکەوتنەکانی ئەمدواییانە بۆ بەستنەوەی هێڵی کارەبای عێراق بە سعودیەوە و ڕەوانەکردنی کارەبا لە ئوردونەوە بۆ عێراق کە لەمیانەی سەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆک بایدندا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیەندران، نیشانەیەکی پێشوازین لەسەر هەمەچەشنکردنی وزەی عێراق. بەڵام دەبێت کاری زیاتر بکرێت بۆ سوود گەیاندن بە گەلی عێراق و ئازادکردنی عێراق لە پشتبەستنی بە وزەی ئێرانەوە.

داواتان لێدەکەین دەستبەجێ گفتوگۆی ئاست بەرز لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی عێراقدا ئەنجام بدەن تاوەکو سەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستانی عێراق بپارێزن. هیوادارین چارەسەرێک بدۆزینەوە کە تیایدا دڵنیا ببینەوە لەوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ئەرکەکانیان بپارێزین بەشێوەیەک کە لەگەڵ یاساکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی فیدڕاڵی عێراقدا بگونجێت، هاوکات هەوڵی چارەسەرێکی درێژخایەن بدرێت بۆ فەرمانی دادگا و کێشە دەستوورییە بەرفراوانەکان. بەڕێوبەرایەتییەکە دەبێت هەوڵی ئەوە بدات سوود لە کۆبوونەوەکەی ئەمدواییەی نێوان سەرۆک و سەرۆک وەزیر کازمی وەربگرێت و گفتوگۆ بەردەوامەکانی بپارێزێت، تەنانەت لەکاتێکیشدا کە پێکهێنانی حکومەتیش دوادەکەوێت.

XS
SM
MD
LG