Accessibility links

دوو فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا دەکوژرێن


بەرپرسانی فەڵەستینی دەڵێن هێزەکانی ئیسڕائیل لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی دەستگیرکردندا لە کەناری ڕۆژئاوا دوو گەنجی فەڵەستینییان کوشتووە، هاوکات پۆلیسی ئیسڕائیل دەڵێت لە هێرشێکدا لە ئۆرشەلیم دوو ئیسڕائیلی بە سەختی بریندار بوون.

پۆلیسی ئیسڕائیل وتی هێرشەکە کراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شوافاتی فەڵەستینیەکان لە قەراغ شاری ئۆرشەلیم لە نزیک کەناری ڕۆژئاوا، وتیشی هێرشەکە " کردەوەیەکی تیرۆریستی " بووە و هێزەکانی ئیسڕائیل بەدوای گومانلێکراوەکاندا دەگەڕێن کە لە شوێنی هێرشەکە هەڵاتوون.

لە ماوەی ڕابردوودا سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانی ئیسڕائیل لە ئۆپەراسیۆنێکیاندا بۆ دەستگیرکردنی چەکدارێکی داواکراوی گروپی چەکداری جیهادی ئیسلامی لە شاری جینین ڕووبەڕووی تەقەی فەڵەستینییەکان بوونەتەوە.

وتیشی " دەیان فەڵەستینی تەقەمەنی و کۆکتێلی مۆلۆتۆڤیان بە ئاڕاستەی هێزەکان هەڵداوە و تەقەیان لێکردوون. هێزەکانیش تەقەیان لە چەکدارە گومانلێکراوەکان کردۆتەوە، لێیان داون."

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی دوو فەڵەستینی کە تەمەنییان 16 و 18 ساڵ بووە کوژراون و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس سەرکۆنەی کوشتنەکانی کرد.

ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژییەکان لە شاری جینین کە موڵگەی سەرەکی چەکدارە فەڵەستینییەکانە، تیشک دەخاتە سەر خراپی ڕەوشی ئاسایش لە کەناری ڕۆژئاوادا، لە کاتێکدا کە لە 1 ی مانگی یانزەدا هەڵبژاردن لە ئیسڕائیل بەڕێوەدەچێت.

لە وەڵامی زنجیرەیەک لە هێرشە کوشندەکانی فەڵەستینییەکاندا لەسەر شەقامەکانی ئیسڕائیل، سوپای ئیسڕائیل لە 31 ی مانگی سێدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی برەیکواتەری دژ بە چەکدارە فەڵەستینییەکان دەستپێکرد.

توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا کە فەڵەستینییەکان دەسەڵاتێکی سنووردارییان تیایدا هەیە، یەکێکە لە خراپترین توندوتیژییەکان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 80 فەڵەستینی، بە چەکدار و هاوڵاتیانی مەدەنیشەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG