Accessibility links

فەڕەنسا: دوو هاوڵاتی دیکەی فەڕەنسی لە ئێران دەستبەسەر کراون


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت دوو هاوڵاتی دیکەی فەڕەنسی لە ئێران دەستبەسەر کراون، بەم دوو هاوڵاتییەوە تاوەکو ئێستا حەوت هاوڵاتی فەڕەنسی لە ئێران دەستبەسەر کراون.

لە 6 ی مانگی 10 دا فەڕەنسا ڕەخنەی توندی لە ئێران گرت و بە تۆمەتی " مامەڵەکردنێکی دیکتاتۆری " و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی فەڕەنسی تۆمەتباری کرد، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا وادەردەکەوێت دوو هاوڵاتی فەڕەنسی دان بەوەدا دەنێن کە کاری سیخوڕییان کردووە، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک لە خۆپیشاندانەکانی ناو ئێران کە تاران دەڵێت دوژمنە بیانییەکانی لە پشتییەوەن.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی لو پاریسیانی وت " نیگەرانین سەبارەت بە دوو هاوڵاتی دیکە و بەپێی دوایین زانیارییەکانمان ئەوان دەستبەسەر کراون."

ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەی لو فیگارۆ بڵاویکردەوە دوو هاوڵاتی فەڕەنسی لە مانگی نۆدا و بەر لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا پشتڕاستی کردەوە کە دوو هاوڵاتی دیکەی فەڕەنسی لە ئێران دەستبەسەر کراون.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و تاران خراپتر بوون، لە کاتێکدا کە گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێران بە چەق بەستوویی ماوەتەوە، فەڕەنساش لایەنێکە لەو ڕێککەوتنەدا.

هیچ کام لە دوو وڵاتەکە باڵیۆزییان لە وڵاتانی یەکتر نەبووە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو فەڕەنسا باڵیۆزێکی نوێی وڵاتەکەی بۆ ئێران دەستنیشان کرد.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئێراندا بووە هۆی ئەوەی یەکێتی ئەوروپا شوێن ئەمەریکا و کەنەدا و بەڕیتانیا بکەوێت لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا.

دوو دیبلۆماتکار بە ڕۆیتەرزییان وت لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا کۆمەڵێک سزای دیکەی یەکێتییەکە دژی ئێران پەسەند دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG