بەرپرسانی فەڕەنسا دەڵێن بەهۆی تەقینەوەیەکی گەورەوە بینایەک لە شاری مارسیلیا ڕووخاوە و لاشەی دوو کەس لەژێر پاشماوەی بیناکەدا دۆزراونەتەوە، هاوکات کارمەندانی فریاگوزاری هێشتا بە دوای ئەو شەش کەسەدا دەگەڕێن کە بێسەروشوێن بوون.
دۆزینەوەی لاشەکان دوای نزیکەی 24 کاتژمێر دێت لە تەقینەوەکە کە بووە هۆی ڕووخاندنی بینا چوار نهۆمییەکە لە شاری مارسیلیا.
تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوام بوون لە کارکردن، بەڵام ئاگری ژێر پاشماوەکە بەربەستی لەبەردەم کارەکانیان دروست کردووە و لەسەر تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی قورس کردووە سەگەکانیان ڕەوانە بکەن.
بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە لە بەیاننامەیەکی کورتدا وتی " بەهۆی بارودۆخە سەختەکەوە، دەرهێنانەوەی لاشەکان لە شوێنەکە کاتی دەوێت."
وتیشی " دواتر دەسەڵاتی دادوەری ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا دەکات."
لە ماوەی ڕابردوودا دۆمێنیک لاورێنسی لێکۆڵەرەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت هەشت کەس " وەڵامی تەلەفونەکانیان نادەنەوە."
هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزاندراوە، بەڵام لێکۆڵەرەوان بیر ئەگەری هەیە دزەکردنی گاز دەکەنەوە.
زیاتر لە 100 کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا بوون لە بیناکەدا، کە باوەڕ وایە هەر نهۆمێک یەک یەکەی نیشتەجێبوونی تێدا بووبێت.
دوو بینای تەنیشتی بینا ڕووخاوەکە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، یەکێکیان دواتر ڕووخا بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
نزیکەی 200 دانیشتوو گواستراونەتەوە و 50 کەسیش داوایان کردووە بەپەلە شوێنێکی نیشتەجێبوونیان پێبدرێت.
لە ساڵی 2018 دا دوو بینای کۆن لە گەڕەکی ناوالیس ڕووخان و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لە دەستدا.
کارەساتەکە تیشک دەخاتە سەر ستانداردی بیناکان لە شارەکەدا، ڕێکخراوە مرۆییەکانیش دەڵێن 40,000 کەس لەو بینایانەدا دەژین.
بەڵام بەرپرسانی شارەکە بە دوورییان زانیوە ئەمجارە ڕووخانی بیناکە بەهۆی لاوازی پێکهاتەی بیناکەوە بووبێت.
پارێزگاری ناوچەی بوش دو ڕۆن وتی " هیچ ئاگادارییەکی مەترسی بۆ ئەم بینایە نەبووە، هەروەها لە گەڕەکێکدا نیە کە وەکو خانوبەرەی ناستاندارد دەستنیشان کرابێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز