Accessibility links

تویتەر دەڵێت هەزاران ئەکاونتی سەر بە ئاکەپە و سەرۆکی تورکیای داخست


کۆمپانیای تویتەر دەڵێت 32,242 ئەکاونتی داخستووە بەهۆی پـێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی بەکارهێنانی ماڵپەڕەکەیان، لەوانە 7340 ئەکاونتی سەر بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا و پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار بوون.

کۆمپانیاکە ئەمڕۆ هەینی لە هەواڵێکیدا لەسەر بڵاگەکەی نووسیویەتی ئەو ئەکاونتانەی دایخستوون گریدراون بە چین و ڕووسیا و تورکیا. دەڵێت ئەوانەی چین 23,750 ئەکاونتن و ئەوانەی ڕووسیا 1,152ئەکاونت.

تویتەر دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەم ئەکاونتە ساختانەی تورکیای زانیوە کە بە هەماهەنگی کاریان دەکرد و ئامانجی سەرەکیـیان خەڵکی ناو تورکیا بووە.بەپـێی تویتەر، ئەکاونتەکان بە شان و باڵی ئاکەپەیان هەڵداوە و پشتیوانیەکی زۆریان لە سەرۆکی تورکیا کردووە.

کۆمانیاکە باسی لەوەش کردووە، زانیاریـیەکانی ئەو ئەکاونتانەی نەسڕیوەتەوە و هەموویانی هەڵگرتووە و هەروەها داونی بە ئنستتیوتی سیاسەتی ستراتیژی ئوسترالیا ASPI و بە ڕوانگەی ستانفۆردی ئنتەرنێت SIO تاوەکو توێژینەوەی خۆیانی لەسەر بکەن.

هاوکات ڕوانگەی ستانفۆرد ڕاپـۆرتێکی 23 لاپەڕیی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت ئەو 7340 ئەکاونتەی تورکیا36,948,524جار تویتیان کردووە. ستانفۆرد لە لاپەڕی 12 ی ڕاپـۆرتەکەی باس لەوە دەکات کە چۆن ئەو ئەکاونتە ساختانە لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا لە مانگی دەی ساڵی 2019 هەستاون بە بڵاوکردنەوەی پـرۆپاگەندە لە دژی هێزە کوردیـیەکان.

تورکیا لە ڕێگەی بەڕێوەبەری پەیوەندیـیەکانی سەرۆکایەتیـیەوە، هەواڵەکەی تویتەری ڕەتکردەوە و بە ناڕاستی ناودێرکرد.

فەخرەدین ئاڵتون لەسەر تویتەرەکەینووسیویەتی، ئەم کۆمپانیایە کە بارەگاکەی لە ئەمەریکایە کۆمەڵێک بوختانی بۆ تورکیا هەڵبەستووە هەتا ڕەوایی بە داخستنی ئەو ئەکاونتانە بدات. گوتیشی ئەوەی تویتەر کردوویەتی لە دژی ئازادی ڕادەربڕینە، وە بەم کارەی نیشانی دا تەنیا کۆمپانیەکی سۆشیال میدیا نیـیە بەڵکو مەیلی سیاسی و بیروباوەڕی خۆی هەیە.

هوشداریشی بە تویتەر دا و نووسیویەتی "دەمانەوێت بە بیری ئەم کۆمپانیایە بهێنینەوە کە لە کۆتایـیدا چارەنووسی وەکو چارەنووسی ژمارەیەک لەو ڕێکخراوانە دەبێت کە لە ڕابردوودا هەوڵیان دا هەنگاوی هاوشێوە بنێن."

XS
SM
MD
LG